سوپای پاسداران بە ئامانجگرتنی فەرماندەکانی لە بەغدا ڕەت دەکاتەوە

سوپای پاسداران ڕەتی دەکاتەوە شەوی ڕابردوو هیچ یەکێک لە فەرماندەکانی لە بەغدا بە ئامانج گیرابن.

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە لە بەغدا هێرشی ئاسمانیی کراوەتە سەر چەند پێگەیەک و دوو لە ئەفسەرانی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشەکەدا کوژراون، سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو هەواڵە ڕەت دەکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لەسەر زاری بەرپرسێکی سوپای پاسداران دووپاتی کردووەتەوە کە، بەم دواییانە هیچ ڕووداوێکی وا لە بەغدا ڕووی نەداوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵی کوژرانی دوو فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوکرایەوە، لە هەمان کاتدا کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە، هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە و میدیاکانی عێراقیش باسیان لەوە کرد، هێرشەکە لەلایەن ئەمەریکاوە کراوە.

 هەر لەبارەی دەنگۆکانی بەئامانجگرتنی چەند فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەغدا لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: هیچ هێرشیك نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا، ئەو دەنگۆیانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، دوورن لە ڕاستی.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: دۆخی بەغدا ئارامە و هیچ ڕووداوێکی لەو شێوەیە ڕووی نەداوە کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، دەشڵێت: بڵاوکردنەوەی هەواڵی لەوشێوەیە، ئامانج لێی ترس خستنە دڵی هاووڵاتییانە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوای کرد، هەموو لایەک پشت بەو زانیارییانە ببەستن کە لەسەرچاوەی فەرمیی بڵاودەکرێنەوە، بۆ دەستکەوتنی زانیاریی پشت بە پرۆپاگەندە نەبەستن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment