گواستنەوەی ئاوی بەنداوی تاڵەقان بۆ تاران هەڕەشە لە داهاتووی ئێران دەکات

پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی تاڵەقان نەک تەنیا دەبێتە هۆی وشکبوونی دەشتی قەزوین، بەڵکو ئاسایشی خۆراکی نزیکەی 20 ملیۆن کەس لە ئێران دەخاتە مەترسییەوە.
شینا ئەنساری، سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، لەبارەی لێکەوتەکانی گواستنەوەی ئاو لە بەنداوی تاڵەقانەوە بۆ تاران هۆشداری دا و گوتی: لە کاتێکدا تاڵەقان پێشتر ئاوی بۆ کشتوکاڵ لە دەشتی قەزوین و بەشێک لە پێداویستییەکانی ئاوی پارێزگای ئەلبورزیشی دابین دەکرد، بەڵام ئێستا بەشێکی بەرچاوی ئاوەکەی بۆ تاران دەگوازرێتەوە کە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکیی کۆمەڵایەتی.
پرۆژەیەکی بێبەرنامە
سەرۆکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، ئاماژەی بەوەدا "خەڵکی پارێزگاکانی قەزوین و ئەلبورز لە ڕابردوودا بەشیان لە ئاوی بەنداوەی تاڵەقان هەبووە، بەڵام ئێستا بە بۆری و تونێل ئاوەکە بۆ ناوچەیەکی تر دەگوێزرێتەوە. ئەم کارەش کێشەی بۆ کشتوکاڵ و ژینگەی ناوچەکە دروست دەکات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پێداویستییەکانی سروشت و زۆنگاوەکان."
ئەنساری، هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامیی وشکەساڵی بەڕێوەبردنی هەڵەی سەرچاوە ئاوییەکان لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا کرد و جەختی لەوە کردەوە، پرۆژەکانی گواستنەوەی نێوان ئاو لە سەرچاوەکانەوە بۆ شارەگەورەکان، بەبێ پێداچوونەوە بە شێوازی بەکارهێنان، نەک تەنیا قەیرانەکە چارە ناکات، بەڵکو زیاتری دەکات.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە حکوومەت، سەرەڕای ڕەخنە گشتگیرەکان، هێشتا بەرگری لە پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی تاڵەقان دەکات و تەنانەت مەسعود پزیشکیان مانگی ڕابردوو، بە مەبەستی چاودێریکردن و بەپەلە پێشخستنی پڕۆژەکە، سەردانی تاڵەقانی کرد و حکوومەتەکەی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە تا ئێستا زیاتر لە حەوت تریلیۆن تومەن (67 ملیۆن و 961 هەزار دۆلار)ی خەرج کردووە.
ڕۆژی شەممە 30ی ئابی 2025، گوتەبێژی پیشەسازی ئاوی ئێران ڕایگەیاند کە پڕۆژەی گواستنەوەی ئاو لە بەنداوی تاڵەقانەوە بۆ تاران تا کۆتایی مانگی ئەیلوول تەواو دەکرێت.
هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆراکی 20 ملیۆن کەس
سەرەتا، لە پارێزگای قەزوینەوە ڕەخنەی جددی لەم پرۆژەیە دەستی پێ کرد. فاتیمە محەممەدبەگی، نوێنەری قەزوین، ئابێک و ئەلبورز لە پەرلەمانی ئێران، لە چەندان چاوپێکەوتن و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "گواستنەوەی ئاو لە تاڵەقانەوە بۆ تاران "مافی ئاوی جووتیارانی ناوچەکە و زۆنگاوەکانی پارێزگاکە پشتگوێ دەخات" و لێکەوتەکانی وەک بەبیابانبوون و زیادبوونی تۆز و خۆڵی هەیە."
ئەو، هۆشداری دا کە کاریگەرییەکانی وشکبوونی دەشتی قەزوین تەنیا ئەم پارێزگایە ناگرێتەوە، بەڵکو ئاسایشی خۆراکی 20 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران دەخاتە مەترسییەوە. قەزوین بەشێکی گرنگ لە هێلکە، گۆشتی سپی و گۆشتی سووری وڵات بەرهەم دەهێنێت و لەناوچوونی سەرچاوە ئاوییەکانی بە واتای ڕووخانی یەکێک لە جەمسەرەکانی بەرهەمهێنانی پرۆتین لە ئێران دێت.
سەرەڕای ئەم هۆشدارییانە، بەرپرسانی حکوومەت، جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە و کردنەوەی قۆناغی یەکەمی بە شانازییەکی گەورە دەزانن. کەمالەدین میرجەعفەریان، جێگری پاریزگاری تاران بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی تاڵەقان پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا گەیشتووەتە 10 کیلۆمەتری تاران و لە ڕۆژانی داهاتوودا، 2700 لیتر ئاو لە چرکەیەکدا بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی تاران زیاد دەکرێت."
ئەم قسانە، نیشانەی ئەوەن کە سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، حکوومەت پەلەی لەم پرۆژە مشتومڕاوی و ژینگە وێرانکەرە کردووە و هێشتا دیدگای بنیاتنەرانەی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی ئاو، لە بەرنامەدا نییە.
کارەساتی ژینگەیی
فاتیمە محەممەدبەگی، نوێنەری قەزوین لە دیدارێکدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان هۆشداری دابوو لەوەی "ئێمە بە دەستی خۆمان قەزوین و ئەلبورز وێران دەکەین. بە تایبەتی ئاماژەی بە خۆڵباران کردبوو کە بووەتە هەڕەشەی سەرەکی ژینگەیی ئەم پارێزگایە و تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردنی نەگیراوەتەبەر".

شارەزایان دەڵێن لە فەتحابادی قەزوین یەکێک لە گەورەترین ڕۆچوونی زەوی لە ئێران ڕووی داوە؛ دیاردەیەک، کە بەرەنجامی بەکارهێنانی بێپاساوی ئاوی ژێر زەوی و گواستنەوەی نادادپەروەرانەی ئاوە.
محەممەد ئەلموتی، سکرتێری ڕێکخراوە ناحکوومییە ژینگەییەکان، بە ماڵپەڕی 'هەمشەهری' ڕاگەیاند "بەپێی دیزاینی سەرەتایی بەنداوی تاڵەقان، بەشێک لە ئاوەکە بۆ کشتوکاڵی دەشتی قەزوین تەرخان کرابوو، بەڵام ئەمڕۆ نەک تەنیا ئەم مافە ئاوییە جێبەجێ نەکراوە، بەڵکو تەنانەت پرۆژەی دووەمی گواستنەوەی ئاویش بەبێ مۆڵەتی ژینگەیی جێبەجێ دەکرێت. بە گوتەی ئەلموتی "زۆنگاوی ئەڵڵا ئاباد وشک بووە و ئێستا بووەتە سەرچاوەی تۆز و خۆڵ لە ڕۆژئاوای تاران و کەرەج."
نیگەرانییەکی تر هەوڵدانە بۆ گواستنەوەی ئاو لە شاهڕوودی ناوچەی ئەلەمووت بۆ دەشتی قەزوین کە مافی ئاوی گەیلان و ڕووباری سفیدڕوودە. شارەزایان هۆشدارییان داوە کە ئەم کارە لەوانەیە ببێتە هۆی وشکبوونی ئەلەمووت و باشووری شاهڕوود و فشاری زیاتر لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی گەیلان و دەریای خەزەر دروست بکات. بەم شێوەیە، زنجیرەیەک قەیران لە قەزوین و ئەلبورزەوە تا گەیلان و مازندەران و ناوچەکانی باکووری ئێران دروست دەبێت.
تێچووی زۆر، بەرهەمی کەم
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تەواوکردنی هێڵی نوێی گواستنەوەی ئاوی تاڵقان بۆ تاران لانیکەم پێویستی بە 12 تریلیۆن تومەن (116 ملیۆن و 504 هەزار دۆلار) هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەگەر ئەم خەرجییانە بۆ چاکسازی تۆڕی کۆنی ئاوی شاری تاران، دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوەڕۆ و پەرەپێدانی سیستەمەکانی پاککردنەوە خەرج بکرایە، دەکرا بە شێوەیەکی بەردەوامتر قەیرانەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
بە وتەی چالاکوانانی ژینگە، وەزارەتی وزەی ئێران ئەمڕۆ لە جیاتی ئەوەی خاوەنی بەڕێوەبردنی بەردەوامی ئاو بێت، بووەتە دامەزراوەیەکی داهاتساز لە ڕێگەی فرۆشتنی ئاوەوە. بۆ نموونە، فرۆشتنی ئاوەڕۆ و گواستنەوەی ئاو بۆ شارەکان، بە بەراورد لەگەڵ وەبەرهێنان بۆ چاکسازی لە شێوازی بەکارهێنان یان بەهێزکردنی کشتوکاڵی بەردەوام، قازانجێکی زیاتری بۆ بەڵێندەران و لایەنە بەرژەوەندخوازەکان هەیە.
چالاکوانانی ژینگە و شارەزایان هۆشداری دەدەن کە پشتگوێخستنی مافی ئاوی جووتیاران، وێرانکردنی زۆنگاوەکان و وشکبوونی دەشتەکان لێکەوتەی کۆمەڵایەتی مەترسیداری هەیە. ئەزموونەکانی ڕابردوو نیشانیان داوە کە بێبەشکردنی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان لە سەرچاوە ئاوییەکان، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی بەدواوە بووە. لە کاتێکدا کە زۆرێک لە گوندەکانی قەزوین و ئەلبورز ڕووبەڕووی هەژاری بوونەتەوە و ناچار بوونە گوندەکانیان چۆڵ بکەن، گواستنەوەی زیاتری ئاو بۆ تاران دەتوانێت ئەم کارەساتە خێراتر بکات.
پڕۆژەی گواستنەوەی ئاو لە تاڵەقانەوە بۆ تاران، نیشانەی سیاسەتە کورتخایەنەکانی کۆماری ئیسلامییە لە بەڕێوەبردنی ئاودا؛ سیاسەتێک، کە ملیارەها تمەن لە بودجەی گشتی دەخوات، بەڵام لەجیاتی چارەکردنی قەیرانەکە، دەبێتە هۆی وشکبوونی دەشتەکان، لەناوچوونی زۆنگاوەکان و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆراکی ئێران.
هۆشدارییەکە هێندە جددییە کە دەبێت حکوومەت پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بەم پڕۆژەیە بکات و ڕێگاچارەیەکی هەمەلایەنە بدۆزێتەوە کە ژینگە و داهاتووی دانیشتووان بپارێزێت.