ئێران بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئێران کوژرانی سەرۆک وەزیرانی یەمەن و چەند وەزیرێکی یاوەری لە لایەن ئیسرائیلەوە بە توندی سەرکۆنە دەکات.

یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن و کوژرانی "ئەحمەد غالیب ناسر ئەلڕەهوی" سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی گۆڕانکاری و بونیادنانی یەمەن و چەند وەزیرێکی یاوەری، بە توندترین شێوە سەرکۆنە کرد و جەختی لە پێویستیی هەنگاونانی جددیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی هەڕەشەکانی ئیسرائیل کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە بەیاننامەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی "دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانی و ناوچە نیشتەجێبوونەکانی یەمەن و کوشتنی بەرپرسانی باڵا و هاووڵاتیانی بێتاوانی یەمەن، نموونەیەکی ئاشکرای تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتییە."

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هاتووە "بێگومان بەردەوامبوونی بێدەنگیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئیسرائیل دژی سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە و پێشێلکارییە زۆرەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی مافەکانی مرۆڤ و مافە مرۆییەکان، دەبێتە هۆی زیاتر ڕووخانی بنەما یاسایی و ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دەخاتە مەترسییەکی بێوێنەوە."

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆتاییدا ڕایدەگەیەنێت "لەگەڵ بیرهێنانەوەی ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی هەموو حکوومەتەکان بۆ هەنگاونانی خێرا بۆ ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە و ڕێگریی لە کوشتاری فەلەستینییەکان و هەروەها برسییەتی و تینوییەتی سەپێندراو بەسەر خەڵکی ستەملێکراوی غەززە، جەخت لەسەر پێویستیی دادگاییکردن و سزادانی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئیسرائیل، دەکاتەوە."

 

 
 
Fly Erbil Advertisment