ئۆجەلان: بانگەوازەکەمان بۆ ئاشتی هەنگاوێکی سیاسیی نییە بەڵکو قۆناغێکی مێژووییە

ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامێکدا جەختی لەوە کردەوە، لە تورکیا و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرگای سەردەمێکی نوێ کراوەتەوە، تاوەکوو ژیانی ئاشتییانە و دیموکراسی جێگەی شەڕ و وێرانکاریی بگرێتەوە.
یەکشەممە 31ـی ئابی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بە بۆنەی 1ـی ئەیلوول ڕۆژی جیهانیی ئاشتییەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە، "بانگەوازەکەمان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراسی، هەنگاوێکی سیاسیی ئاسایی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژیی و قۆناغێکی مێژووییە".
هاوکات دەڵێت: هەم لە تورکیا و هەم لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرگای سەردەمێکی نوێ کراوەتەوە، تاوەکوو ژیانی ئاشتییانە و دیموکراسی جێگەی شەڕ و وێرانکاریی بگرێتەوە، ئەمە تەنیا داخوازییەک نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی بەرجەستەیە و پێویستە بە هەلی بەهێز و هەنگاوی پراکتیکی بە دی بهێنرێت.
ئۆجەلان، جەختی لەوە کردەوە، ئاشتییەکی ڕاستەقینە، تەنیا بە بێدەنگکردنی چەک و کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادان، بە دی نایەت. هەر کاتێک ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری هەموو بوارەکانی ژیانی گرتەوە، ئەوکات ئاشتییەکی ڕاستەقینە دێتە دی.
هاوکات ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، داوا لە گەلی کورد و تورک دەکات، کە خاوەنداری ئەم ئەرکە مێژووییە بکەن، هەروەها ڕێپێوانی ئاشتی و ئازادی فراوانتر بکەن.
لە کۆتایی پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە، لەو بڕوایەدام، هەمووان لە جدییەت و هەستیاریی ئەم قۆناغە تێدەگەن و ڕەچاوی دەکەن و بە ڕۆحییەتێکی ئاشتیخوازانەوە هەنگاو دەنێن.
پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، لەبارەی دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان ڕایگەیاندبوو، ئۆجەلان هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری بۆ قۆناغەکانی پرۆسەی ئاشتی و بارودۆخی ئێستای پرۆسەکە کردووە.
ئۆجەلان بە شاندەکەی گوتبوو، بە وردی پرۆسەی ئاشتی بەڕێوەبراوە بۆ ئەوەی بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا، هەروەها بەردەوام ئامانجیان بووە ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن بۆ کۆتاییهێنان بە قۆناغێکی پڕ لە ئازار.