سەرجەم گەڕەکەکانى سەنتەرى سلێمانى كاره‌بایان بووه‌ته‌ 24 كاتژمێری

لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، سەرجەم گەڕەکەکانى سەنتەرى سلێمانى كاره‌بایان بووه‌ته‌ 24 كاتژمێری، کە بووەتە هۆی ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاووڵاتییان و خاوەنکارەکان و کۆتاییهێنان بە کێشەی دەیان ساڵەی کارەبا و مۆلیدە ئەهلییەکان.

محەممەد داود، خاوەن مارکێتێک لە گەڕەکێک لە سلێمانی، یەکێکە لەو کاسبکارانەی کە پرۆژەی ڕووناکی کێشەیەکی گەورەی بۆ چارەسەر کردووە. ئەو کە شەش ساردکەرەوەی لە مارکێتەکەیدا هەیە، پێشتر مانگانە نزیکەی 160 هەزار دیناری بۆ پارەی مۆلیدەی ئەهلی داوە، لەو بارەوە بە کوردستان24ی گوت: پێشتر بەهۆی نەبوونی کارەبای بەردەوامەوە دوو ساردکەرەوەمان دەکوژاندەوە و کەلوپەلەکان گەرم دەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە کارەکانمان زۆر ئاسان بووە و دەتوانین بەبێ دڵەڕاوکێ کار بکەین."

لە کۆتا قۆناغی جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی، پێنج زۆن و 32 گەڕەک سوودمەندبوون و کارەباکەیان بووە 24 کاتژمێری. بەمەش ئێستا لە سلێمانی ملیۆنێک و 450 هەزار هاووڵاتی لە پرۆژەکە سوودمەندبوونە، هاوکات زیاتر لە 600 مۆلیدەی ئەهلی لە شارەکەدا کوژێنراونەتەوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کەمکردنەوەی ژاوەژاو و پیسبوونی ژینگە هەبووە.

هاووڵاتییانیش خۆشحاڵی خۆیان بەم پرۆژەیە دەردەبڕن و بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانن. سەڵاح جەلال، یەکێک لە دانیشتووانی شارەکە، داوا دەکات هاووڵاتییان بەپێی پێویست ئامێرە کارەباییەکان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی فشار لەسەر تۆڕەکانی کارەبا دروست نەبێت.

یەکێکی دیکە لە سوودەکانی ئەم پرۆژەیە، گونجاویی نرخەکەیەتی. بەپێی زانیارییەکان، ئەو هاوبەشانەی پسوولەی پارەی کارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە، زۆرینەیان کەمتر لە 20 هەزار دیناریان داوە، کە ئەمەش بە بەراورد بە تێچووی پێشووی مۆلیدە ئەهلییەکان زۆر کەمترە.

پرۆژەی ڕووناکی، جگە لە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، سوودێکی زۆری بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکە و نەمانی دەنگی بێزارکەری مۆلیدەکان لەنێو گەڕەکەکاندا هەبووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment