چارەنووسی دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران لە لێواری داڕماندایە
ڕێککەوتنی گشتگیر دەربارەی دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران، لە ماوەیەکی کورتدا مەحاڵە

دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە قۆناغێکی هەستیاردایە؛ تەنیا 30 ڕۆژ بۆ گەیشتن بە چارەیەکی دیپلۆماسی ماوە. چالاککردنی "میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان" لە لایەن سێ وڵاتی ئەورووپی (ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا) نەک تەنیا سێبەری گەڕانەوەی خودکارانەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەسەر تاراندا کێشاوە، بەڵکو دیپلۆماسیی ئەتۆمیشی خستووەتە سەر لێواری داڕمان. بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش کە دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمی (Joint Comprehensive Plan of Action - JCPOA) پەسەند کرا، بڕیار بوو میکانیزمی چاودێری و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دابین بکات، بەڵام ئێستا بووەتە ئامرازێک بۆ لەناوبردنی ڕێککەوتنەکە.
شیکارانی ناوداری وەک ڕۆبەرت ئاینهۆرن، دیپلۆمات و دانوستانکاری ئەتۆمیی پێشووی ئەمەریکا، کێلسی داونپۆرت، 'بەڕێوەبەری سیاسیی ئەنجوومەنی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم' دوو بۆچوونی جیاواز، بەڵام تەواوکەریان خستووەتە ڕوو. ئاینهۆرن، پێیوایە کە سووربوون لەسەر 'سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم' هەرگیز واقیعی نەبووە و تاکە چارەی بەردەوام، قبووڵکردنی ئاستێکی سنووردار و چاودێریکراوی پیتاندنەکەیە لە ئێراندا.
لە بەرانبەردا، داونپۆرت، هۆشداری لەوە دەدات کە تەنیا تەرکیزکردنە سەر فشار، بەبێ کردنەوەی دەروازەیەک بۆ دیپلۆماسی، ئێران بەرەو بڕیارە نەگەڕاوەکان، لەوانەش کشانەوە لە پەیماننامەی NPT، دەبات. بە گوتەی ئەو، میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، تەنیا کاتێک کاریگەر دەبێت کە بە "پێشنیارێکی کاتیی متمانەبەخش" ەوە بێت. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، ئایا لەم ماوەی 30 ڕۆژەدا دەکرێت فۆرمولەیەکی کاتی بدۆزرێتەوە کە داواکارییە خێراکانی ئەورووپا و ئەمەریکا دابین بکات و بۆ ئێران وەک "مافی پیتاندنی سنووردار" لە قەڵەم بدرێت؟
کێشەی پیتاندن: لە خەونی سفرەوە بۆ واقیعی سنووردار
قسەوباسی ئەتۆمیی ئێران زیاتر لەسەر بابەتی ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمە. ڕۆبەرت ئاینهۆرن، چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ستراتیجی "سفرکردنەوە" ناواقیعی و جێبەجێنەکراوە. لەناوبردنی تەواوەتی توانای پیتاندن بۆ وڵاتێک، کە ملیارەها دۆلاری بۆ خەرج کردووە و کردوویەتی بە هێمای سەربەخۆیی نیشتمانی، تەنیا خەیاڵێکە. ئێران هەرگیز ئامادە نابێت هەموو سەنتریفیوجەکان لاببات. ئاینهۆرن پێیوایە تاکە ڕێگا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام، قبووڵکردنی "پڕۆگرامێکی سنوورداری پیتاندنە لەگەڵ چاودێریی توندتر لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەتایبەتی پەرەپێدانی سەنتریفیوجە پێشکەوتووەکان.
خاڵی سەرەکیی ناکۆکی لە دامەزراوەکانی فۆردۆ و نەتەنز دایە. واشنتن داخستنی تەواوەتی فۆردۆ بە مەرجێکی سەرەکی دەزانێت. لە بەرانبەردا، تاران ئەم دامەزراوەی وەک هێڵی سووری ئاسایشی خۆی ناساندووە. سەبارەت بە نەتەنزیش، پەرەپێدانی سەنتریفیوجەکانی جۆری نەوەی نوێ، وای کردووە ڕۆژاواییەکان سووربن لەسەر داخستن یان سنووردارکردنی.
ئاینهۆرن، پێشنیاز دەکات لەجیاتی سووربوون لەسەر لەناوبردنی تەواوەتی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، دەستڕاگەیشتنی هەمیشەیی و بێسنووری پشکینەرانی ئاژانس، دانانی کامێرای ئۆنلاین، تۆمارکردن و ڕاپۆرتکردنی ڕۆژانەی یەدەگەکان و ئامادەیی هەمیشەیی تیمی تەکنیکی نێودەوڵەتی، کارا بکرێت. ئەم میکانیزمە دەتوانێت ڕۆژئاوا دڵنیا بکاتەوە کە هەر سەرپێچییەک لە لایەن ئێرانەوە، لە مەترسیی هێرشی سەربازی نزیکی دەکاتەوە. کێشەکە لێرەدا ئەمەیە: ڕۆژئاوا دەیەوێت لەوە دڵنیا بێت کە ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ناوەکی ناگات و ئێران بەدوای پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیدایە 'بۆ چالاکیی مەدەنی' وەک وەک مافێکی ڕەوا. ئەگەر ئەم دوانە لە چوارچێوەی "پرۆگرامێکی سنووردار، بەڵام شەفاف"دا یەکیان گرت، ئەوا ڕێگەی دیپلۆماسی کراوە دەبێت.
میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان: یاریی 30 ڕۆژەی دیپلۆماسی؟
چالاککردنی سەپاندنەوەی سزاکان لەلایەن ئەورووپاوە، وەک دوا چەکی دیپلۆماسی سەیر دەکرێت؛ بڕیار بوو ئەم میکانیزمە لە حاڵەتی پێشێلکردنی جیددی مەرجەکاندا، گەڕانەوەی خێرای سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایش بێنێتە ئاراوە، بەڵام ئێستا بووەتە شمشێرێکی دوودەم کە لەوانەیە ببێتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
بەگوێرەی بڕیارنامەی 2231، ئەنجومەنی ئاسایش تەنیا 30 ڕۆژی لەبەردەستدایە بۆ پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک بۆ درێژەدان بە هەڵگرتنی سزاکان، بەڵام هەر ئەندامێکی هەمیشەیی دەتوانێت ڤیتۆی بکات. لە کردەییدا، بە چالاکبوونی سەپاندنەوەی سزاکان، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی خۆکارانە دەگەڕێنەوە، مەگەر ڕووسیا و چین لەگەڵ ئەمەریکا و ئەورووپا هاوکار بن و دەنگ بە بەردەوامیی بە هەڵپەساردنی سزاکان بدەن؛ ئەم سیناریۆیە زۆر ناواقیعی دەردەکەوێت.
کێلسی داونپۆرت، پێیوایە ئەوروپییەکان بە ویستی خۆیان پەلەیان نەکردووە بۆ سەپاندنەوەی سزاکان ، بەڵکو ئەم کردارە بەهۆی کۆبوونەوەی فشار و نەبوونی شەفافیەت لەلایەن تارانەوە بووە. ئەو هۆشداری دەدات کە تەنیا پشت بە فشار بەستن، بەبێ پێشکەشکردنی چارەیەکی سیاسی، قومارێکی مەترسیدارە، چونکە "میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان ڕەنگە ئامرازێکی ڕێگر بێت، بەڵام ئەگەر هاوکات بە پێشنیازێکی دیپلۆماسییەوە نەبێت، ئێران بەرەو کاردانەوە دەبات". یەکێک لەم کاردانەوانەش، ئەگەری کشانەوەی ئێرانە لە پەیماننامەی NPT، ئەم بژاردەیە دەتوانێت دوا چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران لەناو ببات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تووشی بژاردەکانی وەک فشاری توندتر و تەنانەت هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران، بکات.
ئەورووپا هەوڵ دەدات ئەم 30 ڕۆژە وەک "ماوەیەکی زێڕین" بۆ فشاری دیپلۆماسی و پێشنیازکردنی ڕێککەوتنێکی کاتی بەکار بهێنێت. ئەوان دەزانن کە ئەگەر میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، ئەگەری هەر دانوستانێکی داهاتوو لەناو دەچێت. داونپۆرت پێشنیار دەکات کە سێ وڵاتی ئەورووپایی هاوکات لەگەڵ ئەمەریکا پاکێجێکی کاتی بخەنە سەر مێز کە بریتی بێت لە 'ڕاگرتنی جێبەجێکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان لە بەرانبەر گەڕانەوەی تەواوەتی ئێران بۆ هاوکاری لەگەڵ ئاژانس و سنووردارکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم.' بەڵام، ئاستەنگە ناوخۆییەکانی واشنتن و تاران، ئەم سیناریۆیە قورس دەکەن. میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان نەک تەنیا میکانیزمێکی یاسایی، بەڵکو ژماردنەوەیەکی سیاسییە. ئەگەر لە ماوەی ئەم 30 ڕۆژەدا پاکێجێکی کاتی و متمانەبەخش دیزاین نەکرێت، نەک تەنیا ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەچێتە مێژووەوە، بەڵکو مەترسییە ئاسایشییە هەرێمییەکانیش چەند بەرانبەر دەبن.
لە دیپلۆماسیی بەدەستهێنانی کات، تا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی
چەند سیناریۆیەک بۆ داهاتووی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لەبەر دەستدان، کە بریتین لە:
1-بەردەوامیی بە ڕێگەی دیپلۆماسیی بەدەستهێنانی کات: یەکێک لە سیناریۆ هەرە ئەگەرەکان ئەوەیە کە لایەنەکان جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ شێوازی ناسراوی "بەدەستهێنانی کات". لەم چوارچێوەیەدا، ئێران ئاستێک لە چالاکییە هەستیارەکان ڕادەگرێت یان سنووردار دەکات و لە بەرانبەردا، ئەورووپا و ئەمەریکا بەشێک لە فشاری ئابووریی سەر ئێران کەم دەکەنەوە. ئەم مۆدێلە قەیرانەکە بەڕێوە دەبات بەڵام ناگاتە چارەیەکی کۆتایی.
2-ڕێککەوتنی گشتگیری نوێ: گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە هەردوو نیگەرانییەکانی ڕۆژئاوا چارە بکات و دەستڕاگەیشتنی ئابووریی ئێران دڵنیا بکاتەوە. ئەم ڕێگەیە بەهۆی بێمتمانەیی قووڵ و بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی هەردوو لایەن، ناکرێت لە ماوەیەکی کورتدا جێبەجێ بکرێت.
3-جێبەجێکردنی تەواوەتی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان: لە حاڵەتی شکستی دیپلۆماسیدا، گەڕانەوەی هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکەوتەی قورسی بۆ سەر ئابووریی ئێران دەبێت. ئەم سیناریۆیە، لە ماوەی درێژخایەندا مەترسیی کشانەوەی ئێران لە NPT و توندبوونەوەی قەیرانی ئاسایشی لەگەڵدایە.
4-کشانەوەی ئێران لەNPT : ئەم سیناریۆیە دەتوانرێت بە خاڵی بێگەڕانەوەی قەیرانەکە دابنرێت. لابردنی چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی چالاکییە ناوەکییەکانی تاران، دەتوانێت شەپۆلێک لە نیگەرانیی ئاسایشی لە ناوچەکەدا دروست بکات و ئەگەری دروستبوونی ململانێی سەربازی زیاد بکات. ئەم بژاردەیە ئاسان نییە و هێشتا نازانرێت لە ڕووی سیاسیی و داراییەوە چەند لەسەر وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەکەوێت.
5-ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی: مەترسیدارترین سیناریۆ، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازییە. ئیسرائیل و ئەمەریکا هەرچەندە پشتگیری لە دیپلۆماسی دەکەن، بەڵام بژاردەی سەربازییان لەسەر مێز هێشتووەتەوە. تێچووی مرۆیی، ئابووری و سیاسیی ئەم جەنگە قورس دەبێت، بۆیە زیاتر وەک "هەڕەشە" بۆ زیادکردنی توانای دانوستان بەکاردێت.
ئەگەری کام سیناریۆ زیاترە؟
بە کۆکردنەوەی ئەم سیناریۆیانە، دەتوانرێت بگوترێت کە داهاتووی دۆسییەی ناوەکی ئێران زیاتر بەرەو یەکێک لە دوو ڕێگەی "دیپلۆماسیی بەدەستهێنانی کات لە ڕێگەی ڕێککەوتنی کاتییەوە" یان "جێبەجێکردنی تەواوەتی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان" دەڕوات. ڕێککەوتنی گشتگیر لە ماوەیەکی کورتدا مەحاڵە و کشانەوە لە NPT یان ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی تێچووی زۆر زۆریان هەیە. بۆیە، ڕەنگە شاهیدی جۆرێک لە "بەڕێوەبردنی قەیران" بین، کە نە کێشەکە چارە دەکات و نە ڕێگە دەدات دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت. بە واتایەکی تر، یارییەکە هێشتا لەسەر گۆڕەپانی دیپلۆماسی بەردەوام دەبێت، بەڵام نەک لەسەر بنەمای خەونی ڕێککەوتنێکی گەورە، بەڵکو لەسەر بنەمای مامەڵەی بچووک و پڕتێچوو کە تاکە ئامانجیان بەدەستهێنانی کات و ڕێگریکردنە لە تەقینەوەی تەواوەتی قەیرانەکە. دیپلۆماسی ناسک، پڕمەترسی و لە هەمان کاتدا تاکە ڕێگەی بەردەستە.