کۆبوونەوەی شانگەهای.. ئێران لە چاوەڕوانی هەڵوێستی چین و ڕووسیادا

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، کە بۆ بەشداری لە بیست و پێنجەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگەهای، گەیشتە چین، دوێنێ، یەکشەممە، لە وێنەی بەکۆمەڵی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی ئەم پەیمانەدا، دەرنەکەوت. بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی پزیشکیان، ڕایگەیاند "ئێمە هیچ پلانێکمان بۆ ئامادەبوون لەم وێنە یادگارییەی پێش دەستپێکی کۆبوونەوەکە نەبوو."

مەهدی تەباتەبایی، جێگری نووسینگەی پزیشکیان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی "وێنەکە پەیوەندیی بە خوانێکی نافەرمی و پێش گەیشتنی شاندی ئێرانییەوە بوو. پزیشکیان بە دەستی پڕ لە چین دەگەڕێتەوە."

دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، ماڵپەڕی ئیندیپێندت، لە ڕاپۆرتێکدا  نووسیویەتی "کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگەهای کە سەرکردەکانی چین، ڕووسیا، کازاخستان، قیرغستان و تاجیکستان ساڵی 2001 دایانمەزراند. لەم کۆبوونەوەیەدا سەرکردەکانی 10 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای، نوێنەرانی 10 وڵاتی چاودێر و ئەمینداری گشتیی چەند ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی، لەوانە ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامادەن. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە یەکێکە لە 10 ئەندامی هەمیشەیی ئەم ڕێکخراوە، دوو ساڵ پێش ئێستا بوو بە  ئەندامی ڕێکخراوەکە."

ڕۆڵی دیپلۆماسیی پزیشکیان

عەبدولڕەزا ڕەحممانی فەزلی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەکین، ڕایگەیاند "سەفەری پزیشکیان چوار ڕۆژ دەخایەنێت، سەرۆک کۆماری ئێران لە ئاهەنگی گەورەی سوپای چین بە بۆنەی هەشتاهەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی ئەم وڵاتە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا بەشداریی دەکات و دیداری دوو قۆڵیشی لەگەڵ هەندێک سەرکردەی بەشدار، لەوانە سەرۆک کۆماری ڕووسیا، دەبێت."

ئامادەبوونی پزیشکیان لە شانگەهای، لە کاتێکدایە کە حکوومەتەکەی ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری، ناڕەزایەتیی بەرفراوانی خەڵک، کەمییەکی بەرچاو لە بوارەکانی وزە و ئاو، دابەزینی زۆری بەهای دراوی نەتەوەیی و فشاری سزاکانی ڕۆژاوا بووەتەوە. لەم دۆخەدا، حکوومەتی چواردەهەمیش وەک حکوومەتەکانی پێش خۆی، هەوڵ دەدات بە پشت بەستن بە دامەزراوەکانی وەک ڕێکخراوی شانگهای و بریکس، وای نیشان بدات کە هێشتا ڕۆڵی کاریگەریی لە سیاسەتی جیهاندا هەیە.

پزیشکیان، ڕۆژی دووشەممە لە وتارەکەیدا لە شانگەهای، ئاماژەی بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و  شەرمەزاریی کرد. هاوکات چەند پێشنیازێکی بە ئەندامانی ئەم پەیمانە لەسەر سێ تەوەر پێشکەش کرد، لەوانە بەکارهێنانی دراوی نەتەوەیی لە مامەڵەکان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلار، دامەزراندنی ژێرخانی دیجیتاڵیی هاوبەش و بەکارهێنانی دراوە دیجیتاڵییەکان، و دروستکردنی سندووقی ئاڵوگۆڕی دراو بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئەو وڵاتانەی کە لە ژێر فشاری سزا یان قەیرانی دارایدان.

کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان

ئەم پێشنیازانە لە کاتێکدا دەخرێنە ڕوو، کە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا نامەی پەیوەندیدار بە چالاککردنی "میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان"یان بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە؛ پرۆسەیەک کە گەڕاندنەوەی سەرجەم سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییەی ئەندامی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی، جەختیان کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە لە وەڵامی جێبەجێنەکردنی هەنگاوە دیاریکراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی جنێڤدا بووە و جەختیان کردووەتەوە کە دواخستنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، بە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، پابەندبوون بە بەڵێنەکانی ئاژانس و نەهێشتنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو، مەرجدارە.

لە بەرانبەردا، ئەمیر سەعید ئێرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەنگاوی سێ وڵاتە ئەوروپییەکەی سەبارەت بە دەستپێکردنی پرۆسەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان بە "نایاسایی و ڕەتکراوە" ناوبردووە و گوتوویەتی کە "ئێران هەرگیز لە ژێر هەڕەشە یان فشاردا دانوستان ناکات."

هەندێک پەرلەمانتار، لەوانە محەممەد کەوسەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، بەڵێنی کشانەوە لە پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمییان داوە.

چاوەڕوانییەکانی ئێران

لە نوێترین لێدواندا سەبارەت بەم بابەتە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە وتوێژێکی تایبەت لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی 'شینهوا'ی چین، ڕایگەیاند "سێ وڵاتی ئەورووپی لە ساڵی 2018ەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەک لایەنە لە بەرجام کشایەوە، بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە. لەبەر ئەوە، ناتوانن بانگەشە بکەن کە بە پێی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی، مافی یاساییان هەیە بۆ پەنابردنە بەر میکانیزمی چارەکردنی ناکۆکییەکان کە لە ڕێککەوتنامەکەدا دیاری کراوە."

بەقایی، هیوای خواست "چین و ڕووسیا لە بەرانبەر بڕیاری سێ وڵاتە ئەوروپییەکەدا هەڵوێستی گونجاو بگرنە بەر" و گوتی: بە بڕوای ئێمە، ڕێکخراوی شانگهاییش دەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەیاننامە دەربکات.

ڕۆژی یەکشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتی: دۆسیەی ئەتۆمی و میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهایدا تاوتوێ دەکرێن."

هاوکات لەگەڵ سەفەری مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بۆ چین، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، دیسانەوە جەختی لە گرنگیی بە پراکتیک کردنی "هاوکاریی ستراتیجیی 25 ساڵەی ئێران و چین" کردەوە.

پەیامی ڕێبەر

خامنەیی، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی "ئێران و چین بە پێشینەی شارستانییەتیی کۆن لە دوو لای ئاسیا، توانای گۆڕانکاریی لە گۆڕەپانی هەرێمی و جیهانیدا هەیە. بە پراکتیک کردنی سەرجەم لایەنەکانی ڕێککەوتنی ستراتیجی ئەم ڕێگەیە ئاسان دەکات."

بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامەی خامنەیی بە زمانی چینی، نیشانی دا کە تاران هەوڵ دەدات سەفەری پزیشکیان و ئامادەبوونی لەم کۆبوونەوەیەدا لە چوارچێوەی سیاسەتی "ڕوانین بەرەو ڕۆژهەڵات"دا دەربخات. شیکەرەوەکان پێیان وایە کە کۆبوونەوەی ئەمساڵی شانگهای زیاتر لە هەر شتێک نیشاندانی یەکێتیی پەکین و مۆسکۆ دەبێت لە بەرانبەر ڕۆژاوا و لەم چوارچێوەیەدا، بۆ کۆماری ئیسلامیش دەرفەتی وتوێژ لەگەڵ سەرکردەکانی چین و ڕووسیا بە دەرفەتێکی زیندوو دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی گۆشەگیریی نێونەتەوەیی خۆی.

بەڵام لە ئێراندا، جگە لە هیوای عەلی خامنەیی و هەندێک لە  کەسانی دەوروبەری دەربارەی پشتیوانیی چین و ڕووسیا بۆ ئێران، ڕوانینەکان بۆ ئەم دوو وڵاتە هێندە ئەرێیی نییە. کەسانێکی کاریگەر لە ناو سیستەمی حوکمڕانی ئێران، پەکین و مۆسکۆ بە "هاوبەشی ڕۆژانی خۆشی و چاودێری ڕۆژانی سەخت" ناو دەبەن. تەنانەت لە کۆڕ و دانیشتنە فەرمییەکانی ئێراندا باسی ئەوەش دەکرێت کە ڕووسەکان، زانیاریی نهێنیی سەربازییان دەربارەی ئێران داوە بە ئیسرائیل.

لەم بارودۆخەدا، پزیشکیان لەگەڵ خۆیدا، پەیامێکی ڕوونی لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ چینییەکان بردووە؛ ئێمە چاوەڕێی پشتیوانیی ئێوەین! 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment