مەسرور بارزانی: یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر پیرۆز بێت و خودای مەزن کوردستان بپارێزێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەممەد (دروودی خودای لە سەر بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکات.

لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04ـی ئەیلوولی 2025، بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی حکوومەت هیوای خواست "ئەم یادە پیرۆزە دەرفەتێک بێت بۆ زیاتر بەهێزبوونی بەها و بنەما بەرزەکانی مرۆڤایەتی، هەروەها پەرەپێدانی ئاشتی و تەبایی و بەیەکەوەژیان و دادپەروەری."

مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە: "یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر پیرۆز بێت و خودای مەزن کوردستان بپارێزێت."

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەممەد (دروودی خوای لەسەر بێت)، دەکرێتەوە. لە هەولێری پایتەختیش، ڕێوڕەسمی تایبەت بەم بۆنەیە بەڕێوەدەچێت. هاووڵاتییان لەنێو مزگەوت، تەکییە و خانەقاکان بە ئەنجامدانی سرووتی ئایینی و دابەشکردنی شیرینی، یادەکە لە یەکتر پیرۆز دەکەن.

هەموو ساڵێک لە 12ـی مانگی (ڕەبیعولئەوەل)ـی کۆچی، موسڵمانان لە سەرتاسەری جیهان یادی لەدایکبوونی محەممەد کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د. خ)، دەکەنەوە، کە بە "المولد النبوي" ناسراوە. ئەم یادە پیرۆزە کاتێکە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە ژیان و پەیامەکەی پێغەمبەر. 

یادکردنەوەی مەولود نەبی بە شێوازی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت، لەوانە کۆبوونەوەی ئایینی لە مزگەوت و خانەقاکان، خوێندنەوەی سروودی ئایینی و موناجات، و باسکردنی ژیاننامەی پێغەمبەر (د. خ). هەروەها دابەشکردنی شیرینی و خواردن و خواردنەوە لەنێو خەڵکدا باوە، و لە هەندێک شوێن خەڵک خزمەتگوزاری بێبەرامبەر پێشکەش دەکەن وەک نایاشکردن (سەرتاشین) یان گواستنەوە. 

بە گشتی، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەممەد (د. خ) دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی خۆشەویستی و پەیڕەوکردنی ڕێبازی پێغەمبەر، و بەرزڕاگرتنی بەها بەرزەکانی ئایینی ئیسلام.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment