سی ئێن ئێن: سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ردۆغان له رێگه‌یه‌كی داخراو نزیك بووه‌ته‌وه
"ئه‌ردۆغان له پێكانی ئامانجه‌كانی نزیك ببووه‌وه به‌ڵام چه‌ند گورزێكی به‌ركه‌وت"

K24- هه‌ولێر:
تۆڕی میدیایی "سی ئێن ئێن"ی ئه‌مه‌ریكی له راپۆرتێكدا رایگه‌یاند، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له رێگه‌یه‌كی داخراو نزیك بووه‌ته‌وه.
له راپۆرته‌كه‌یدا "سی ئێن ئێن" هۆكاری ئه‌وه‌شی بۆ داڕمانی ئابووری توركیا و ئه‌و دابڕانه نێوده‌وڵه‌تییه گه‌ڕانده‌وه، كه به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌وه رووبه‌ڕووی ئه‌و وڵاته بووه‌ته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "ئه‌ردۆغان له ماوه‌ی 2 ده‌یه‌ی رابردوودا چه‌ند هه‌نگاوێكی بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی توركیا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ناوه، له‌وه‌ش نزیك ببووه‌وه كه ئه‌و ئامانجانه‌ی له ساڵانی سه‌ره‌تای "به‌هاری عه‌ره‌بی" له رێگه‌ی گروپه هه‌واداره‌كانی له وڵاتانی عه‌ره‌بی بپێكێت".
هه‌روه‌ها "سی ئێن ئێن" نووسیویه‌تی: "ئێستا ئه‌ردۆغان جگه له چه‌ند هاوپه‌یمانێكی كه‌م له قه‌ته‌ر، سۆماڵ و حكومه‌تی ویفاقی لیبیا هیچی به‌ده‌سته‌وه نه‌ماوه، وێڕای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئیسلامی و ئه‌وروپی به‌رامبه‌ر به ئه‌ردۆغان هه‌ست به بێزاری ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش میسر، ئیمارات، فه‌ره‌نسا، یۆنان و قوبرس".
راپۆرته‌كه‌ی تۆڕه میدیاییه ئه‌مه‌ریكییه‌كه روونیشی كردووه‌ته‌وه، "چه‌ند گورزێكی دیكه‌ش به‌ر ئه‌ردۆغان كه‌وتوون، له‌وانه‌ش په‌تای كۆرۆنا، به‌رده‌وامی داڕمانی ئابووری و زیادبوونی ئاستی دابڕانی نێوده‌وڵه‌تی وڵاته‌كه‌ی".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "له ساڵانی ده‌ستپێكی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا ئه‌ردۆغان له باشكردنی ژیانی توركه‌كان سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌ڵام دواتر ئابووری وڵاته‌كه‌ی رووی له داڕمان كرد، لیره‌ی توركی زۆری له به‌هاكه‌ی له‌ده‌ستدا، قه‌باره‌ی قه‌رزی گشتی فراوان بوو و ئاستی هه‌ڵئاوسانیش به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رزبووه‌ته‌وه، پێشبینیش ده‌كرێت له ساڵی داهاتوودا ئابووری ئه‌و وڵاته زیاتر داڕمێت".
سه‌رچاوه: "سی ئێن ئێن"
H.B