لە عێراق 124 پشووی فەرمی هەیە

زۆری رۆژانی پشوو زیانی زۆری بە ئابووری عێراق گەیاندووە

K24 – هه‌ولێر:

زۆرینەی رۆژانی پشوو لە عێراق وای لە بەشێک لە دەسەڵاتداران کردووە هەوڵبدەن بۆ رێکخستنەوە.

رێکخستنەوەی رۆژانی پشوو جگە لەوەی سوودی بۆ هاووڵاتیان هەیە، رێگری لەو زیانە زۆرانە دەکات کە بە ئابووری وڵاتی داوە. بەڵام ئەم کارە ئاسان نییە بە تایبەت زۆرینەی رۆژەکان ئایینی و نیشتمانین.

ئەو رۆژە پشووانە ماوە ماوە حکومەتی عێراق رایدەگەیێنێت کاردانەوەی نەرێنی هەیە لەسەر دامەزراوە حکومییەکان بە تایبەت دامەزراوە خزمەتگوزراییەکان، کە راستەوخۆ پەیوەندی بە کاری هاووڵاتیانەوە هەیە.

لە ساڵی 2003ـەوە، پشووە فەرمییەکان لە 16 رۆژەوە بۆ 124 رۆژ بەرزبووەتەوە، کە 33 لە سەدای رۆژەکانی ساڵ دەکات، زۆرینەی پشووەکانی بۆنەی ئاینین و پەیوەستن بە لایەنە جیاوازەکان، ئەوانی دیکەش چەندین بۆنەی دیکە لە خۆدەگرێت. سەرەڕای ئەوەی چەندین هەوڵ دراوە بۆ تێپەڕاندنی یاسای رۆژانی پشوو، بەڵام لایەنە حزبییەکان رەتی دەکەنەوە کار بۆ مانەوەیان دەکەن.

دوای ساڵی 2003 چەندین پشووی ئاینی جیاواز سەریهەڵدا، بەڵام تاوتوێکردنی ئاسان نییە لە لایەن هاووڵاتیان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران. سەرەڕای ئەوەی بە گوێرەی چەندین راپۆرت زۆری رۆژە پشووەکان زیانی دارایی گەورەی بە وڵات گەیاندووە.

بەرپرسێکی حکومی دەڵێت، "ناتوانن کاریگەرییە نەرێنییەکانی رۆژانی پشوو بۆ سەر دامەزراوکانی وڵات رەتبکەنەوە، بەجۆرێک بەشێک لە دەسەڵاتداران دەیانەوێت رۆژەکان کەمبکەنەوە، بەڵام ئەنجامی نەبووە، هاوکات هاووڵاتیان چەندین داواکاری و گازاندە بۆ کەمکردنەوەی رۆژانی پشوو کردووە، بەڵام بە هەر جۆرێک بێت ناتوانن زۆرینەی رۆژەکان لاببرێت، چونکە پیرۆزی و سیمبوولی ئایینی و نیشتمانی لای زۆربەی لایەنەکان هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی یاساکانی حکومەتی عێراق، پارێزگاکان ئازاد کراون لە راگەیاندنی رۆژی پشوو بۆ دانیشتووانیان، پارێزگاکانیش بە گوێرەی پێویست رۆژەکان رادەگەیەنن، ئەو دیاردەش مانگ دوای مانگ بەهۆکاری جیاواز دووبارە دەبێتەوە.