ئەمهریكا هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە گازییەکانی عێراق دەدات
K24 – ههولێر:
كۆمپانیاكانی ئەمهریكا ھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی كێڵگە غازییهكانی عێراق دەدەن و لهو رێگهیهشهوه كار بۆ پێشخستنی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتهكهیان و رهخساندنی ههلی كار بۆ هێزی كاریان دهكهن.
بەگوێرهی راپۆرتێكی تۆڕی "جەست سكیوریتی" سەر بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمهریكا، كۆمپانیاكانی ئەمهریكا ھەوڵدەدەن لە رێگەی واژووكردنی گرێبەستی تایبەت بە دەرھێنانی غاز لە كێڵگەكانی عێراق، دەست بەسەر كێڵگەكان بگرن، ئەو ھەنگاوەش لە چوارچێوەی ئەو بڕە زۆرەی غازه كە لە كێڵگەكان تۆماردەكرێت.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق لە ساڵی 2012ـەوە تا ئێستا، ئاستی بەرھەمھێنانی بۆ زیاتر لە نیوە زیادكردووە و بڕیارە تا ساڵی 2030 ببێتە سێیەم گەورەترین بەرھەمھێنەری غاز لە جیھاندا و ئەو یەدەگەی كە تا ئێستا ھەیەتی لە غازی سروشتی بۆی ھەیە تا 40 ساڵی دیكە پێداویستی وڵاتێكی وەك ئەڵمانیای پێ پڕبكاتەوە.
ھاوكات بڵاویشی كردووەتەوە دەرھێنانی ئەو سەرچاوەیە و بەرھەمھێنانی لە رێگەی كۆمپانیاكانی وزەی ئەمهریكاوە، بۆی ھەیە ئاسایشی نیشتمانی ئەمهریكا پێشبخات و ھەلی كار و داھاتی نوێ تۆمار بكات.
H.J