بەھرەكانی سزادراوان لە چاکسازی گەورانی سلێمانی نماییش دەكرێت

دەیانەوێت كۆمەڵگا وەک کەسانی ئاسایی وەریانبگرێتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە پێشانگایەکدا کە لە چاکسازی گەورانی سلێمانی ئەنجامدرا 31 کتێب و چەندین کاری دەستی نمایشکران بە ئامانجی خستنە رووی تواناکانی سزادراوان و رادەی ئەو چاکسازییەی تیایاندا رەنگی داوەتەوە لە رێی خوێندن و نووسینەوە تا کۆمەڵگا وەک کەسانی ئاسایی وەریانبگرێتەوە.

جیاواز لە ھەر پێشانگایەکی دیکە، خاوەن کتێب و  دەستڕەنگینەکان لە چاکسازی گەورانەوە کاریان لەسەرکردووە، کە ھەریەک لەوان بە بابەتێک سزادراون،  ئەوان بە نووسین و بەرھەمەکانیان دەریانخستووە، کە دەیانەوێت کۆمەڵگا وەک کەسانی ئاسایی وەریانبگرێتەوە.

كوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی كە ئامادەی كردنەوەی پێشانگاكە بوو رایگەیاند، کە دەیانەوێت بە مادەی یاسایی لە پەرلەمانەوە کار بکرێت بۆ ئەو سزادراوانەی لە چاکسازیەکاندا گرنگی بە پیشە و نووسین و خوێندنەوە دەدەن و لە ناو دۆسیەکانیان تۆماربکرێت.

بیرۆکەی ئەم پێشانگایە لەلایەن لیژنەی باڵای کتێبخانەی چاکسازیەکە و بە ھاوکاری بەرێوەبەر  چاکسازی گەورانی سلێمانی، بۆ ھاندانی زۆرێک لە سزادراون بۆ خوێندنەوەو فێربوونی پیشەیەک خرایە بواری جێبەجێکردن، بەو ئامانجەی سزادراوان لە رێگەی خوێندنەوەو کارو پیشەیەکەوە تەواو ببنەوە کەسانی ئاسایی و جیاوازتر لە جاران بگڕرێنەوە نێو کۆمەڵگا.

لە نێو چاکسازی گەورانی سلێمانی بەشی پیاوان 12 سزادراو و 3 کارمەند توانیان 31 چاپی کتێب و 28 ژمارە لە گۆڤار بڵاو بکەنەوە. زۆرێک لە سزادراوان  پیشەکانیان وەک ھەلێک قۆستۆتەوە بۆ دروستکردنی چەندین کاری دەستی، وەک جوانکاری خانمان و کەلوپەلی ناوماڵ و جلی کوردی. بڕیارە پیشانگاکە لە ھەولێر و دھۆکیش بكرێتەوە.

ھ.م