هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا نوێترین پێكهاته‌ی راگه‌یاند
راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا لیستی یاریزانه‌كانی بۆ دوو یاری داهاتوو بڵاو كرده‌وه و تێیدا بانگهێشتی 23 یاریزانی كردووه و یه‌كه‌مجاره كه‌مترین یاریزانی ریال و بارسا بۆ ئیسپانیا بانگهێشت بكرێت.
له ریزه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا تادێت ژماره‌ی یاریزانه‌كانی بارسێلۆنا و ریال مه‌درید كه‌متر ده‌بێته‌وه.
كارڤاخاڵ و رامۆس دوو نوێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌دریدن كه جارێكی دیكه بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا بانگهێشتكراون، له به‌رامبه‌ردا سێرجیۆ بۆسكێتس تاكه نوێنه‌ری یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه له پێكهاته‌ی ئه‌مجاره‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ماركا، یه‌كه‌مجاره له پێكهاته‌ی ئیسپانیا كه‌مترین یاریزانی ریال و بارسا ده‌بینرێن.
هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا له میانی یارییه‌كانی پاڵاوتنی یۆرۆی 2020 له كۆمه‌ڵه‌ی شه‌شه‌م شانبه‌شانی هه‌ڵبژارده‌كانی سوید، رۆمانیا، نه‌رویج، ماڵته و دوورگه‌كانی ڤارۆ یاری ده‌كات.
ماتادۆره‌كان به كۆكردنه‌وه‌ی 20 خاڵ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان گرتووه، نزیكترین ركابه‌ری سویده كه 15 خاڵ خانه‌ی دووه‌می گرتووه.
هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا رۆژی 15ـی ئه‌م مانگه كه ده‌كاته هه‌ینی داهاتوو میوانداریی هه‌ڵبژارده‌ی ماڵتا ده‌كات.