فەیلەسووفەکەی فەرەنسا ئامانج و سوودمەندانی جەنگەکەی تورکیا ئاشکرا دەکات

لێڤی پێشبینی خراپ دەکات

K24 – هه‌ولێر:

بێرنارد هێنری لێڤی، فەیلەسوفی فەرەنسی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی گاردیان رایگەیاند، ئەوەی ترەمپ لە باکووری سووریا کردی تەواو پێشبینی کراو بوو و سوودمەندانی هێرشەکانی تورکیاش ئاشکرا دەکات.

لێڤی لەبارە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هێرشی تورکیا دەڵێت: "هەڵخەڵەتاندنێکی خراپی دیموکراسییە. مۆتەکەیەکە بۆ کوردەکان، بەڵام تەواو پێشبینیکراو بوو".

لێڤی لە سەرەتای ئەمساڵ کتێبێکی بە ناوی ئیمپراتۆر و پێنج پاشەکە بڵاوکردەوە و تیایدا پێشبینی ئەوەیکردووە، ئەمەریکا واز لە رۆڵی خۆی لە ناوچەکە دەهێنێت و بۆ رووسیا، چین، تورکیا، ئێران و سوونە تووندڕەوەکانی سەر بە سعوودییەی جێیدەهێڵێت.

لەبارە سیاسەتەکانی ترەمپ، لێڤی دەڵێت: "نازانم کام بەهانەی ترەمپ بۆ کشانەوە گەمژانەترە، ئەوەی کە کورد لە جەنگی نۆرماندی بەشدارنەبوون یان ئەوەی هاوشێوەی سعوودییە، کوردەکان کەلوپەلی ئەمەریکی ناکڕن".

"من بڕوام نە دەکرد ترەمپ بەوجۆرە کارتەکانی بە ئاشکرا بەکاربێنێت، لە پێشبینییەکانی زۆر خراپەکانی منیشدا نەبوون".

لەبارەی ئەردۆغانیش، فەیلەسوفە فەرەنسییەکە رایگەیاندووە، ئەو ئامانجەکانی جەنگی بەدەستدەهێنێت، ئەمەش لە ژێر هاندانی ئەمەریکا و چەتری ڤلادمیر پوتین کە بە ئاشتیهێنەر ناوی دەبەن دەکات، بەڵام ئەمە بۆ کوردەکان مۆتەکەیە و بە داخەوە پێشبینی کراوە.

لێڤی دەڵێت، یەکێکی دیکە لە براوەکانی ئەم هێرشە ئێرانە چونکە کشانەوەی ئەمەریکا رێڕەوێک بۆ سەربازانی ئێران لە تارانەوە بۆ بەیروت دروست دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاندووە، لە ئێستادا ئێران ناوچەیەکی بۆ پێکبەستنی ئێران، عێراق، سووریا و لوبنان دروستکردووە.

لێڤی پێیوایە: "ئێران ئامانجی خۆی بەدەستهێناوە. داعشیش کە شکستی پێهێنرابوو، چالاکییەکانی بەدەستهێناوەتەوە. ئەوەی ئەمەریکا بووەتە بێ بەها، دڵەڕاوکێی بۆ ئیسرائیل دروستکردووە و هیچ هاوپەیمانێکی ئەمەریکا لە ناوچەکە ناتوانێت بە ئارامی بخەوێت".

لێڤی باس لە بەهاکانی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت: "بۆ بنەماکانی ئەمەریکا، بۆ بەهەکانی ئەمەریکا، بۆ ناوەخنی ئەمەریکا، ئەمە خۆکوژییە. هەرچی ئەوەی ترەمپ لە چەند کاتژمێر، رۆژ و هەفتەی داهاتوو دەیڵێت هیچ بەهایەکی نییە و کاتێکی زۆری دەوێت بۆ ئەمەریکا تاوەکو بەهاکانی بەدەستبهێنێتەوە. لە ئێستادا بەهاکانی ئەمەریکا سفرە".

"لە هەموو جەنگەکان تۆ خوێن دەبینی بەدەستەوە، بەڵام لە جەنگەکان خوێنی دوژمنەکانت بە دەستەوەیە، لەم جەنگە، خوێنی هاوڕێکانمان. ئێمە بە دەگمەن ئەمە جۆرە ناپاکییەمان بینیوە".

 H.J