ئێران ھۆشداری دەداتە ھاووڵاتییانی
K24 - ھەولێر
ئێران ھۆشداری دەداتە ھاووڵاتییانی لە سەردانكردنیان بۆ ئەمەریكا، لەوەی رەنگە دووچاری دەستگیركردن و دۆخی نا مرۆیی ببنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی كردووەتەوە "پێویستە ھاووڵاتییانی ئێران بە گشتی و بە تایبەتیش كەسانی نوخبە و زاناكان ئاگادار بن لە سەردانكردن بۆ ئەمەریكا، تەنانەت بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسە زانستییەكان و لە كاتێكدا كە بانگھێشتیش كرابن، لەوەی رەنگە دووچاری ھەڵمەتی دەستگیركردنی دەمارگیرانە و بارودۆخی نامرۆیی ببنەوە".
ئاماژە بەوەش دەكات "ھۆكاری ھۆشدارینامەكە، یاسا دڕندەییەكانی ئەمەریكایە دژ بە ئێرانییەكان و ئەو رێكارە دەمارگیرییانەی بەرامبەر ئێرانییەكان دەگیردرێنە بەر".
ئەمە لەكاتێكدایە ژمارەیەك ئێرانی لە ئەمەریكا دەستبەسەرن و بە ھەمان شێوە لە ئێرانیش ژمارەیەك ئەمەریكی دەستبەسەركراون، كە ھەفتەی رابردوو بۆ یەكەمجار ئێران و ئەمەریكا بە نێوەندگیری سویسرا دوو بەندكراویان ئاڵوگۆڕكرد و ئەمەریكاش ئەمەی بە ھەنگاوێكی ئەرێنی ناوبرد و ئامادەییشی نیشاندا بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بەندكراوەكانی دیكە.