یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان بۆ مه‌سرور بارزانی: تەواوى پشتیوانى خۆمان بۆ جەنابتان رادەگەیه‌نین

ئەوەى لە تواناماندا بێت هاوکارتان دەبین

K24 – هه‌ولێر:

سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان، غه‌فوور مه‌خمووری، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی مه‌سرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و تێیدا رایگه‌یاندووه‌، ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK تەواوى پشتیوانى خۆمان بۆ جەنابتان رادەگەیه‌نین و ئەوەى لە تواناماندا بێت هاوکارتان دەبین.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

پەیامى پیرۆزبایى و پشتیوانى سکرتێرى گشتیى YNDK بۆ بەڕێز مەسرور بارزانى 

براى بەڕێزمان جەنابى کاک مەسرور بارزانى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان 

 سڵاویکى برایانەى گەرم ...

هەڵبژاردنی جەنابتان لەلایەن پەرلەمانى کوردستان و راسپاردنتان لەیەن بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمی کوردستان مایەى خۆشحاڵیمانە، بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى سەرکردایەتى و ته‌واوی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەگەرمى پیرۆزبایتان لێده‌كه‌ین و هیواى سەرکەوتنان بۆ دەخوازین.

 بێگومانین کەوا کەسایەتى و لێهاتوویى جەنابتان لەو پێگەیەدا دەتوانێ پرۆسەى سیاسى و حوکمدارى لە کوردستان زیاتر پێشبخات، ئومێدمان زۆرە کەوا جەنابتان بتوانن باشوورى کوردستان لە رووى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و دامەزراوەییەوە زیاتر گەشەپێبدەن و پێشبخەن، لەهەمان کاتدا چاومان لەوەیە کەوا بتوانن دەزگا و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان زیاتر سیستماتیک بیکەن بە حکومەتى هەموو کوردستانیان و، دەرگاتان کراوە بێت بۆ گوێگرتن و راوێژکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و شارەزایان بۆ چۆنیەتى پێشخستنى سیستمى بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنى ئەو کیشە و گرفتانەى کە دێنە پێشەوە و کاریگەریان بۆ سەر پرۆسەى سیاسى کوردستان دەبێت، لەم پێناوەدا بۆ سه‌رخستنی كاره‌كانتان و بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانی گه‌لى كوردستان، ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK تەواوى پشتیوانى خۆمان بۆ جەنابتان رادەگەیه‌نین و ئەوەى لە تواناماندا بێت هاوکارتان دەبین.

 لەگەڵ رێزو خۆشەویستى دووبارەماندا.

 هەر بژین و سەرکەوتووبن بۆ کورد و کوردستان.                                                                         

 براتان

غەفوور مەخمووری

سکرتێرى گشتیى

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

  12/ 6 / 2019 

عەمان - ئوردەن