كوردستان لە پەرلەمانی توركیا ھەرا دەنێتەوە

"ئەم جۆرە سیاسەتە توركیا دەباتە دووڕیانێكی خراپ"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر      

لە پەرلەمانی توركیا گفتوگۆكان لەبارەی بەكارھێنانی وشەی كوردستان بەردەوامە، پارتە نەژادپەرستەكانی وەك مەھەپە و ئیی پارتی و بەشێك لە پەرلەمانتارانی ئاكەپە لەسەر بەكارھێنانی وشەی كوردستان ھێرشی توند دەكەنە سەر پەرلەمانتارانی ھەدەپە، بەڵام پەرلەمانتارانی ھەدەپە دەڵێن، كوردستان لە مێژوو و سروشت و جوگرافیادا ھەیە، ھەڵوێستی نەژادپەرستەكان دۆخی وڵات بەرەو ئاڵۆزی دەبات.

پەرلەمانتارانی مەھەپە و ئاكەپە دەڵێن، ھیچ ناوچەیەك بەناوی كوردستان لە توركیا نییە و بەكارھێنانی ئەو وشەیە بە واتای پارچەكردنی توركیایە، پەرلەمانتارانی ھەدەپەش رەخنە لەو گوتانەی نەژادپەرستەكان دەگرن.

ئایھان بیلگەن، دەڵێت: "ساڵی رابردوو سەرۆكی پەرلەمان كتێبی مستەفا ئەتاتوركی دایە ئێمە، لەو كتێبەدا باسی كوردستان كراوە و لە یەكەم خولی پەرلەماندا لەگەڵ ناوی پەرلەمانتاران نازناوی كوردستان ھەبووە، كوردستان ھەیە و ناوھێنانی مەترسیی نییە".

بە پێشنیازی پەرلەمانتارانی مەھەپە و ئاكەپە لە پەرلەمانی توركیا، ئەو یاسایە پەسند كراوە ھەر كەسێك ناوی كوردستان بھێنێ بە بڕی 10 ھەزار لیرە سزا دەدرێت".

فاتما كورتولان، پەرلەمانتاری ھەدەپە لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی توركیا گوتی: "ئێستا دەڵێم كوردستان، ئێوەش جارێكی دیكە نیگەران بن، پارتی ئازادی كوردستان بە یاسا لە توركیا دامەزراوە، ئەو جۆرە سیاسەتەی ئێوە توركیای خستووەتە دووڕیانێكی خراپ و رۆژانە رۆڵەكانمان دەكوژرێن، ئێرە پەرلەمانتارە نەك كەمپی دیلەكان، ھەدەپە دیلی ئێوە نییە".

پێشتر عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری ھەدەپە لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاندبوو: "كوردستان لەناو دڵی مندایە".