دیواری قوتابخانەكانی سلێمانی بە ریكلامی بازرگانی دادەپۆشرێن

پەروەردەی سلێمانی: ئەوەی دەكرێت قبووڵ كراو نییە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە پارێزگای سلێمانی سەر دیوارو بینای زۆرێك لە خوێندنگەکان بوونەتە شوێنی ریكلامی بازرگانی و نووسینی نەشیاو لەلایەن کۆمپانیا و ھەندێك کەس، ئەمەش بووەتە جێی ناڕەزایی لای خوێندکاران و مامۆستایان و داوا دەكەن بە یاسا سنوورێك بۆ ئەم كارە دابندرێت، بۆ ئەوەی ناوەندەكانی خوێندن سیمای خۆیان لەدەست نەدەن.

لەوبارەوە مەریوان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو ریكلام و بانگەشەی لەسەر دیواری قوتابخانە و خوێندنگاكان دەكرێت بە ھیچ شێوەیەك رێگە پێدراو نییە، تەنانەت لەكاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەكانیش، قەوارە و لایەنە سیاسییەكانمان ئاگاداركردوونەتەوە، كە نابێ پۆستەر و درووشمەكانیان لە دیواری قوتابخانە و خوێندنگاكان ھەڵواسن".

مامۆستایان و خوێندکارانیش نیگەرانن لەو دۆخە و بە کارێکی نادروست و نایاسایی ناوی دەبەن، پێیان وایە ژینگەیەکی نالەبار دروست دەبێت لای خوێندکار و پرۆسەی خوێندنیش، چونکە خوێندنگەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و پاراستنە نەك شێواندن و نووسین و دانانی ریکلام.

دانا عومەر، بەڕێوەبەری یەكێك لە قوتابخانەكانی سلێمانییە ئەو باس لەوە دەكات كە لەسەر دیواری قوتابخانەكەی ئەوانیش ریكلامی بازرگانی دەكرێت و دەڵێت: "خوێندننگەی ئێمە بنەڕەتی ئێنگلیزیە قوتابی زیرەك و بەھرەمەندی تێدایەم پێویستە دیزاینی قوتابخانەكە بەشێوەیەك بێت كە منداڵ دێتە قوتابخانە دڵی بكرێتەوە، نەك چاوی بە ریكلامی بارزگانی بكەوێت، ھەم دیوارەكان ناشیرین بوونەم ھەمیش كارەكە نایاساییە. لە رێگەی ئەو ژمارە یەلەفۆنانەی لەسەر ریكلامەكان ھەن، پەیوەندیمان بە كۆمپانیا و كەسەكان كردووە كە بێن بیسڕنەوە، بەڵام ئەوان گوێ ناگرن و ئێمەش نووسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە بەرزكردووەتەوە، بۆ ئەوەی رێكارە یاساییەكان بگرینەبەر".

 

نەبوونی بودجەی پێویست و قەیرانی دارایی وایکردووە، زۆرێك لە خوێندنگەکان بەپێی پێویست نۆژەن نەکرێنەوە، سەرباری ئەوەش دیواری ئەو خوێندنگانە داپۆشراوە بە ریکلامی بازرگانی کە ھەندێکیان لەسەر ئاستی تاکەکەسییە و ھەندێکیشیان فەرمین و لە ژێر چاودێری پەیمانگا تایبەتەکان و کۆمپانیاکان کراون.

ھ.م