ترەمپ نامە "گەرموگوڕەكە"ی كیم ئاشكرا دەكات

"شتێكی ئەرێنی لەگەڵ كۆریای باكوور رووبدات"

K24 - ھەولێر

ترەمپ ئاشكرای دەكات، نامەیەكی لە كیم جۆنگ ئونەوە پێگەیشتووە و دەكرێت شتێكی ئەرێنی لەگەڵ كۆریای باكوور رووبدات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، رۆژی دووشەممەی رابردوو "نامەیەكی گەرموگوڕی جوانی" لە كیم جۆنگ ئون، سەركردەی باڵای كۆریای باكوور پێگەیشتووە.

 ئاماژەی بەوەش كرد، پێی وایە شتێكی ئەرێنی لەگەڵ پیۆنگ یانگ روو دەدات، بەڵام وردەكارییەكەی ئاشكرا نەكردووە.

ترەمپ ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كیم جۆنگ ئون، بەڵێنەكەی بردووەتەسەر و ھیچ تاقیكردنەوەیەكی مووشەكی تاقی نەكردووەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە، ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لەسەر زاری جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریكا بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر كۆریای باكوور ئامادە بێت، دەكرێت سێیەم دیداری لووتكەی نێوان ترەمپ و كیم رووبدات.

لە 12ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، بۆ یەکەمجار، سەرۆکانی ئەمەریکا و کۆریای باکوور کۆبوونەوە و باسیان لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان کرد، ھەروەھا لە 27/02/2019، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور لە هانۆیی پایتەختی ڤێتنام بۆ دووەم جار چاویان بەیەک بکەوێت. بەڵام تاکو ئێستا واشنتن سزا ئابوورییەکانی سەر پیۆیانگی هەڵنەگرتووە.

ھ.م

سەرچاوە: رۆیتەرز