هه‌ولێر و پاریس دەبنە دەستە خوشك
K24- هه‌ولێر:
هه‌ولێر و پاریس ده‌بنه دووشاری ده‌سته خوشكی یه‌كتر و وابڕیاره له دوومانگی داهاتوودا هه‌ردوو لایان له پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا رێككه‌وتنی نێوانیان واژۆ بكه‌ن. دوای سه‌ردانی سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس بۆ شاری هه‌ولێر، سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس ڕایگه‌یاندووه، ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ هه‌ولێر په‌ره به په‌یوه‌ندییه‌كانیان بده‌ن و به پرۆژه‌كانیان به‌تایبه‌ت له بواره‌كانی شاره‌وانی، هاتوچۆ و رێگاوبان هاوكاری هه‌ولێر بكه‌ن.
له‌مباره‌یه‌وه نه‌وزاد هادی، پارێزگاری هه‌ولێر باس له ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌یان ده‌كات و ده‌ڵێت: هه‌ولێر و پاریس له زۆر بواری جیاوازدا په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیان ده‌بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئێستا ره‌شنووسی رێككه‌وتنی نێوان ئه‌و دوو شاره ئاماده ده‌كرێت و له ئاینده‌دا ده‌بن به دوو ده‌سته خوشك و هه‌ردوو لامان ئاماده‌كاری ده‌كه‌ین.
ئه‌م هه‌ماهه‌نگییه‌ش له‌كاتێكدایه، شاره‌وانییه‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپا, به‌تایبه‌ت شاره‌كانی فه‌ره‌نسا ده‌سه‌ڵاتێكی گرنگ و زۆریان هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌كان، ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نساش به كۆی ده‌نگ بڕیاریانداوه, په‌یوه‌ندییه‌كانی پاریس و هه‌ولێر په‌ره پێبده‌ن و وه‌ك دوو شاری ده‌سته خوشك له داهاتوودا هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وام له‌نێوانیاندا هه‌بێت.
هه‌ر تایبه‌ت به‌و بابه‌ته، عه‌لی دۆڵه‌مه‌ری، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌ره‌نسا واده‌ی واژۆكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ولێر و پاریس وه‌ك ده‌سته خوشكی یه‌كتر بۆ كوردستان24 ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت: بۆ دووه‌م جاره سه‌رۆك شاره‌وانی پاریس سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات، شاره‌وانی پاریس له كۆی شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست شاری هه‌ولێری بؤ 2 ئامانج هه‌ڵبژاردووه، یه‌كه‌میان بۆ واژۆكردنی رێككه‌وتننامه‌یه‌كه له نێوان ئه‌و 2 شاره، كه پێشبینی ده‌كرێت له مانگی حوزه‌یران یانیش ته‌مموزی ئه‌مساڵ واژۆ بكرێت. دووه‌میش بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر سه‌رۆك شاره‌وانی ئێستای پاریسیش له پۆسته‌كه‌ی نه‌مێنێت, رێككه‌وتنه‌كه هه‌ر به‌رده‌وام بێت.
H.B