وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بڕیارێكی نوێ له‌ باره‌ی ئۆتۆمبێل بارهه‌ڵگر ده‌رده‌كات

چه‌ند بڕیارێكی پێشووش هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بڕیاریدا بە دووبارە داڕشتنەوە و هەموارکردنەوەی کێشی ئەکسلی رێپێدراو (ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر).

بەپێی بڕیارەکە کە ئیمزای ئەندازیار دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی لەسەرە، بڕیاردراوە بە دووبارە داڕشتنەوە و هەمواکردنەوەی کێشی ئەکسلی رێپێدراو و هاوکات هەڵوەشاندنەوەی نووسراوی پێشووی وەزارەت ژمارە (2574 لە 20/6/2019) تایبەت بە دیاریکردنی کێشی بارهەڵگرەکان.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بڕیاریداوە بە پێدانی بڕی باری سەربار بۆ ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی خشته‌ی تایبه‌ته‌وه‌ رێكخراون. هاوکات ئاماژە بەوە کراوە، لەکاتی پێویست و بەپێی قۆناغ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن هەڵدەستێت بە زیادکردنی بڕگەی نوێ و هەموارکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی هەر بڕیارێك لەبەر رۆشنایی گشتی چوارچێوەی یاسا.