بزووتنەوەی کوردایەتی بەرەوکوێ؟

Kurd24

دوای شکستی کۆی ئەزموونی حوکمڕانی حیزبە ئاینی و نەتەوەییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیای عەرەبی، بزوتنەوەی کوردایەتی بەگشتی هەلێکی باشی بۆ رەخساوە ئەگەر بەشێوەیەکی عەقڵانی و نوێ مامه‌ڵەی لەگەڵدا بکات هەرچەندە ئەمڕۆ رووبەڕووی سەختیەکی زۆر بۆتەوەو نەتەوە سەردەستەکانی کورد خۆیان بەسەرکەووتوو وێنا دەکەن، بەڵام لە ناوەوەدا بزووتنەوەی کوردایەتی لە سەر ئاستی جیهان پێشکەوتنی مەزنی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئەمریکا و رۆژئاوا بەگشتی وەک تاکە ئومێدو چرای دیموکراتی و مەدەنی سەیری ئەم بزووتنەوەیە دەکەن بە بەراورد بەم شێوازە حوکمڕانییەی هەرسێ نەتەوەی تورک و فارس و عەرەب.

بەجۆرێک گەیششتۆتە ئاستێك فەیلەسوفێکی دیاری وەك سلاڤۆی ژیژك بڵێ کورد تاکە چریسك و ئومێدی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوەی کوردایەتی بەگشتی و حوکمڕانیەتی ئەم بزووتنەوەیەش لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەڵگری دنیایەك ئیشکالیەت و رەخنەیە، پێویستی بە پێداچوونەوه‌ و چاککردن و دەستکاريیەکی قووڵ هەیە.

بزووتنەوەی کوردایەتی بەحوکمی کولتوورەکەی بزووتنەوەیەکی شۆڤینی نەبووە و دەبێ بەهەموو شێوەیەك لە شۆڤینیەت دوور بکەوێتەوە، نابێ بکەوێتە ژێر سۆز و گوتاری هەندێك لە نووسەر و سیاسيیە پۆپۆلیستەکانی، دەبێ شێوازی حوکمڕانیەکەی لە سەر بنەمای ئایدۆلۆژی بینا نەکات و لە هەوڵی دامەزراندنی بنەماکانی حوکمڕانیەتی مەدەنی بێ و تێگەيشتنی هاووڵاتیبوون قووڵتربکاتەوە، هەروەها چینی دەسەڵاتداری دەبێ تێکەڵەیەك بێ لە کەسە نوێکان و تەقلیديیەکان، نابێ تا سەر چینی سیاسی تەقلیدی بەتەنها دەسەڵاتداربێت.

جگە لەمانە دەبێ دامەزراوە سیاسی و یاسایی و ئیداریيەکانی بەهێز بکا، بە جۆرێك توانای ئیدارەدانێکی عادیلانەیان هەبێت بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان، لە هەمووشی گرنگتر، مەسەلەی دیموکراسيیە، حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی دەبێ کۆتايی بەو مەفهوومە بێنن کە خۆیان و خەڵکیشیان وا تێگەیاندووە کە دیموکراسی تەنها بریتیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی، راستە ئەمە روکنێکی گرنگی سیستەمی دیموکراسیيە، بەڵام هەمووی نییە، حیزبی کوردی بەرلەوەی دیموکراسی پێشکێشی خەڵك بکات دەبێ لە ژیانی سیاسی خۆی پەیڕەوی بکات.

مەحاڵە حزب لە ناو خۆیدا دیموکراسی پەیڕەو نەکاو پێمان وابێ دیمۆکراسی بۆ خەڵك بە دیاری دێنێت، ئەو هۆکارەی وا دەکات رۆژئاوا ئۆمێد لەسەر بزووتنەوەی کوردایەتی هەڵچنێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەیە کە گەلی کورد ناچێتە ژێر باری دەسەڵاتی حزبە ئاینییەکان و ممتمانەیان پێیان نییە، بەتایبەتی دوای شکستی ئەزموونی حومکڕانییەتی هەموو حزبە ئیسلامیەکانی دنیای عەرەبی و غەیرە عەرەبیش، بەڵام ئەمە مانای وانییە حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بەبێ دەستکاریکردنی ژیانی سیاسی خۆیان تا ئەبەد لەسەر چەپکە گوڵەکەی کوردایەتی پاڵدەدەنەوە، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر خەڵکی ئەو ناوچەیەی خۆمان خوازیاری هێنانەدی حوکمڕانیەتێکی مەدەنی و دیموکراسین.