بارسێلۆنا ته‌نیا به‌م 4 رێگایه‌ ده‌توانێت نێیمار بگه‌ڕێنێته‌وه‌

پاریس سانجێرمان بێهیوا بووه‌ و ناتوانێت نێیمار له‌ رۆیشتن په‌شیمان بكاته‌وه‌

رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا و فڕەنسا ئاشکرایانکردووە، بەرپرسانی پاریس سانجێرمان لە بەرامبەر رۆیشتنی نێیمار تەسلیم بووینە و هیچ هەوڵێکیان نەداوە بۆ ئەوەی هیڕشبەرە بڕازیلییەکە پەشیمان بکەنەوە، رۆژنامەیەکی کەتەلۆنیش پێیوایە چوار رێگا بۆ گەڕانەوەی نێیمار بۆ بارسێلۆنا هەیە، کە بەگوێرەی یەکێک لەو رێگایانە لەوانەیە نێیمار بە خواستن بگەڕێتەوە بارسێلۆنا.

رۆژ بە رۆژ زنجیرە درامای گەڕانەوەی نێیمار بۆ بارسێلۆنا گەرمتر دەبێت و وردەکاریی زیاتر لەبارەی پرۆسەکە بڵاو دەبێتەوە، رۆژنامەکانی ئیسپانیا و فڕەنسا لەسەر ئەوە کۆکن، تازە ئەستەمە نێیمار لە پاریس سانجێرمان بمێنێتەوە، بەڵام گفتووگۆیەکە و دواکەوتنی گەڕانەوەی نێیمار، بارسێلۆنا پەیوەندی بەوەیە بە چ رێگایەک و شێوازێک بگەڕێتەوە کامپ نوو.

رۆژنامەکانی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی و لۆ پاریزیانی فڕەنسی ئاشکرایانکردووە، لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشی پاریس سانجێرمان هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ ئەوەی نێیمار پەشیمان بکاتەوە و لە پاریس بمێنێتەوە، پاریس سانجێرمان تەواو تەسلیم بووە و بەرپرسانی یانەکە پێیانوایە ئەم هاوینە نێیمار دوایین رۆژەکانی لە پاریس بەسەر دەبات و تازە بڕیاری خۆی داوە.

نێیمار هێشتا بە گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا گەشبینە و پێیوایە دەتوانێت لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوو گرێبەستەکەی بگاتە قۆناخی کۆتایی.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنیش لە مانشێتی دوایین ژمارەیدا باسی رێگاکانی گەڕانەوەی نێیماری کردووە بۆ بارسێلۆنا، رۆژنامەکە پێیوایە نێیمار بە یەکێک لەم چوار رێگایە دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا.

بەگوێرەی رێگای یەکەم، بارسێلۆنا به‌رامبه‌ر كڕینی نێیمار هه‌ریه‌كه‌ له‌ فیلیپ كۆتینهۆ و ئیڤان راكیتیچ یان ساموێل ئۆمتیتی بداته‌ پاریس سانجێرمان.

بەڵام رێگای دووەم پارەشی تێدایە، بارسێلۆنا كۆتینهۆ و یاریزانێكی دیكه‌ و بڕێك پاره‌ له‌ به‌رامبه‌ر كڕینی نێیمار بداته‌ پاریس سانجێرمان، یان ته‌نیا كۆتینهۆ و بڕێك پاره‌ بدات، کە ئەم رێگایە لەلایەن بەرپرسانی بارسێلۆنا رەتدەکرێتەوە چونکە قەرزە کەلەکەبووەکانی سەر بارسا زۆرن و لەم کاتەدا ناتوانێت پارە بۆ کڕینی یاریزانان خەرج بکات.

لەوانەیە بارسێلۆنا بە خواستن نێیمار بگەڕێنێتەوە یانەکە، کە بەگوێرەی رێگای سێیەم بارسێلۆنا به‌ خواستن نێیمار دەگوازێتەوە له‌ به‌رامبه‌ردا دوو یاریزانی به‌ خواستن دەداتە پاریس سانجێرمان، یانیش بەگوێرەی رێگای چوارەم بارسێلۆنا بۆ ماوەی وەرزێک به‌ خواستن نێیمار بگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانی و هاوینی 2020 به‌ ناچاری به‌گوێره‌ی گرێبه‌ستێك كه‌ له‌ ئێستاوه‌ له‌سه‌ری رێكبكه‌ون به‌یه‌كجاریی ببێتە موڵکی یانە کەتەلۆنییەکە.