"كەركووك لە ژێر تەعریب و بە شیعەكردنێكی بەھێزدایە"

"جوتیارانی كورد سكاڵاش بكەن مافیان نادرێتەوە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی دوایین زانیاری 12 ھەزار خێزانی عەرەب لە كەركووك جێگیركراون و بەڕێوەبەری كشتووكاڵی شارەكەش رایدەگەیەنێت "كەركووك لە ژێر تەعریب دایە و دیمۆگرافیای گۆڕاوە".

مەھدی موبارەك، بەڕێوەبەری كشتووكاڵی كەركووك بە كوردستان24ـی راگەیاند: "سووتاندنی زەویی جوتیارانی كورد و دروێنەكردنی بەرھەمەكانیان، بە پاڵپشتی و بە بەرچاوی ھێزەكانی عێراق و پارێزگاری سەپێندراوە".

 گوتیشی: "12 ھەزار خێزانی عەرەب ھێندراونەتە كەركووك و ئێستا شارەكە لەژێر تەعریب و بەشیعەكردنێكی بەھێزدایە و دیمۆگرافیای كەركووك گۆڕاوە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەگەر ھێزەكانی عێراق لە پشت عەرەبە ھاوردەكراوەكان نەبن ناتوانن گەنمی جوتیارانی كورد بدورنەوە، تەنانەت سوتاندنی گەنمی جوتیارانی كورد لە خانەقین و مەخموور و كەركووك بە بەرچاوی ھێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە ئەنجامدراوە، بۆیە ئەو ھێزانە بەرپرسی یەكەم لەو رووداوانەی ئێستا روودەدەن".

بەڕێوەبەری كشتووكاڵی كەركووك ئەوەشی خستەڕوو: "جوتیارانی كەركووك لە رووی یاساییشەوە مافیان دەخورێت، چونكە دادگا و ھێزە ئەمنییەكان پاڵپشتی لە عەرەبە ھاوردەكان دەكەن، بۆیە من دەڵێم ئەگەر سكاڵاش بكەن سوودی نابێت".