نیشتمان بۆ بێ ئه‌خلاقه‌كانه!
هه‌میشه كه لینكی وتاره‌كانم له لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبووكه‌كه‌ی خۆم بڵاو ده‌كه‌مه‌وه، چه‌ندین گه‌نج پێم ده‌ڵێن له كۆمێنت ته‌واوی وتاره‌كه دانێمه‌وه، چونكه پاره‌ی ئێنته‌رنێتیان پێ نییه و به فری له‌خه‌تن.
ده‌ی گه‌نجێك كه پاره‌ی ئێنته‌رنێتی پێ نییه تا وتاره‌كه‌ی منی پێ بخوێنێته‌وه، ئیتر چۆن ڕووم بێت له وتاره‌كه‌مدا داوای لێ بكه‌م نیشتمانی خۆش بوێت و ئه‌گه‌ر مه‌ترسی هاته‌سه‌ر وڵات شه‌ڕی له پێناودا بكات؟!
من زۆر كه‌م حه‌زم له زمانی ئیحساساتی و بزواندنی هه‌ستی خه‌ڵكییه، چونكه ئێستا ئه‌م زمانه بووه‌ته مۆركی موزایه‌ده و كه‌سابه‌تی به‌شێك له حیزب و زۆرێك له‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت له خوله‌كانی ئاینده‌دا پێی بچنه په‌رله‌مانه‌وه، به‌ڵام ڕاستییه‌ك هه‌یه كه ده‌بێت بوترێت، ئێمه قه‌یرانی بێكاری ده‌ستكرد و برسێتی ناسروشتی و دزی ناسروشتی و گه‌نده‌ڵی ناسروشتیمان هه‌یه، بۆچاره‌سه‌ركردنی ئه‌مانه، ده‌بێت ئه‌م دادگا ته‌قلیدیانه‌ی ئێستا وه‌لانێین و دادگای شۆڕش بخه‌ینه‌وه كار، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه دادگایه‌ك دابنێین به سزای ئینقلابییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دز و گه‌نده‌ڵه‌كاندا بكات!
ده‌بێت دز له‌ناوبه‌رن و سیستم دانێن، ئێمه زه‌ویمان هه‌یه كه هه‌رچی خوا خه‌ڵقی كردووه له‌سه‌ری به‌رهه‌م بێنین، هه‌وا و ئاو و سوته‌مه‌نی گونجاومان هه‌یه كه هه‌رچی داهێنانی مرۆڤایه‌تییه پێوه‌ی بكه‌ین، ئه‌گه‌ر گه‌نجێك كاری هه‌بێت، كه‌واته به‌یانیان زوو له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستێت، كه زووش له خه‌و هه‌ستا، كه‌واته شه‌وان زوو ده‌خه‌وێت، كه شه‌وانیش زوو خه‌وت، كه‌واته كه‌س نامێنێته‌وه كه تا به‌ره‌به‌یان له فه‌یسبووكه‌وه جنێو به‌م و به‌و بدات! به‌شێكی زۆری نه‌هامه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئێمه ده‌رهاویشته‌ی بێكارییه، هاوكات مه‌كینه‌ی گه‌وره هه‌یه كه وه‌به‌رهێنانی نائه‌خلاقی به‌م بێكاری و هه‌ژارییه‌ی گه‌نجانه‌وه ده‌كات و ده‌یانكات به گژ ئه‌م حیزب و ئه‌و حزبی تردا!
لێره، زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه نیشتمانیان خۆش ده‌وێت و شه‌ڕی له پێناودا ده‌كه‌ن، ژیانیان خراپه و پاره‌یان پێ نییه، بڕۆن سه‌یر بكه‌ن، كه‌سوكاری هه‌موو پێشمه‌رگه دیله‌كان هه‌ژارن، كه‌سوكاری هه‌موو پێشمه‌رگه شه‌هیده‌كان هه‌ژارن، یه‌ك شه‌هیدم پێ بڵێن ده‌وڵه‌مه‌ند بووبێت؟! هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك شه‌هید بووبێت، چه‌ند منداڵێكی برسیی له كه‌لاوه‌یه‌كی كرێنشینیدا بۆ نیشتمان جێهێشتووه!
له‌م شه‌وانه‌ی ڕابردوو تا دره‌نگانێكی شه‌و قسه‌م له‌گه‌ڵ گه‌نجێكدا ده‌كرد له كه‌ركوكه‌وه، ئه‌و ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ڕۆژی ڕیفراندۆم ده‌نگی به به‌ڵێ داوه و له فه‌یسبووكه‌كه‌یه‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ كردووه، زۆرینه‌یه‌كی جاشسیغه‌كان ده‌یبوغزێنن و له هیچ شوێنێكیش ئیشی ناده‌نێ! ده‌ی ئه‌م گه‌نجه پاره‌ی ئێنته‌رنێتی پێ نییه‌كه ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر سایته‌كه‌ی كوردستان بیستوچوار نه‌هامه‌تییه‌كانی خۆی له ناو ئه‌م وتاره‌ی مندا بخوێنێته‌وه!
لێره ئه‌وه‌ی نیشتمان ده‌فرۆشێت پاره‌ی پێیه، ئه‌وه‌ی به‌كرێی ده‌دا پاره‌ی پێیه، ئه‌وه‌ی هه‌ڕاجی ده‌كات پاره‌ی پێیه، به‌زمانێك كه ئه‌ته‌كێتیش نییه و بمبورن ناچارم و ده‌بێت بیڵێم: به‌پێی ئه‌م تێزه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه نوێیه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه، نیشتمان بۆ بێ ئه‌خلاقه‌كانه!
له سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه تا ئێستا، كورد به دوو قۆناغدا ڕۆشتووه، له قۆناغێكیاندا (میلله‌تی كورد، موڵكی سه‌ربه‌سه‌تی ده‌خاته ده‌ستی خۆی) و هه‌ر كه‌سێك (گیانفیدایی گه‌ر نه‌كا، هه‌ر به‌شی ئه‌و له‌عنه‌ته) به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا، ئه‌وه‌ی گیانفیدایی بكات هه‌ر به‌شی جنێو و له‌عنه‌ته!
ده‌بێت كه‌مێك به‌خۆماندا بچینه‌وه و لێپێچینه‌وه‌یه‌كی جدی له خۆمان بكه‌ین، پێش ئه‌وه‌ی ئێمه ڕاپه‌ڕین بكه‌ین، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانمان ئه‌وانه بوون كه كارگه‌یه‌كی چه‌و و لم و دوو پاسی خه‌ت و چێشتخانه‌یه‌كیان له ناوبازاڕ هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانمان ئه‌وانه‌ن كه هه‌رچی میلله‌ت نییه‌تی ئه‌وان هه‌یانه!
پێش ئه‌وه‌ی ئێمه ڕاپه‌ڕین بكه‌ین، هه‌موو باشووری كوردستان ملیارێك دیناری تیا نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ده‌یان ملیاردێر و سه‌دان ملیۆنه‌ری دۆلاری تیایه، به وته‌ی سه‌رمایه‌دارێك كه بۆ یه‌كێك له‌و ڕۆژنامه ناوخۆییه‌كانی كوردستان قسه‌ی كردووه، له‌م هه‌رێمه شه‌ش ملیۆن كه‌سییه‌دا "سه‌د كه‌س پاره‌كه‌یان له پێنج ملیۆن دۆلاره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تاوه‌كو شه‌ش ملیار دۆلار، هاوكات سیانزه كه‌سیش خاوه‌نی ٢٠ ملیار دۆلارن"، به‌ڵام ئه‌م ئاماره له ڕاست ناچێت، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له ملیۆن به‌ره‌و ژوور دۆلاریان هه‌یه حه‌تمه‌ن هه‌زارانه و ژماره‌ی ئه‌وانه‌ش كه ملیار به‌ره‌و ژوور دۆلاریان هه‌یه سه‌دان كه‌س ده‌بێت!
به بیست و حه‌وت ساڵ، چۆن ده‌بێت هه‌رێمێك كه به مووچه‌ی هه‌یه و نییه و ده‌ینێرم و ناینێرمی به‌غداد ده‌ژی، ئه‌م هه‌موو قاروون و نه‌مرود و عه‌شتاره‌ی تیا هه‌ڵكه‌وێت؟
كه‌سانێك كه به ٢٧ ساڵ بوونه‌ته خاوه‌نی بیست ملیار دۆلار، ده‌بێت به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی و ویژدانی هه‌ڵبگرن و ژیانی هه‌زاران گه‌نجی بێكاری ئه‌مڕۆ بگرنه ئه‌ستۆ، گه‌رنا ده‌بێت حكومه‌تێكی سه‌رڕاست لێپێچینه‌وه له‌مانه بكات، حكومه‌تێك كه به‌رپرسه‌كانی خۆی یه‌كێك نه‌بێت له‌و ناوانه‌ی كه بیست ملیار دۆلاریان هه‌یه!
له‌م ڕۆژانه‌دا سه‌رمایه‌دارێك په‌یوه‌ندی پێوه كردم كه شه‌شسه‌د ده‌فته‌ر دۆلاری لای حكومه‌ته و داوای لێ كردم په‌یوه‌ندییه‌كی بۆ بكه‌م به وه‌زیری ناوخۆوه و به ڕێگه‌یه‌ك بۆی وه‌ربگرمه‌وه یاخود له میدیاكان بۆی بجوڵێنم! ببینن سه‌رمایه‌داره‌كان چه‌نده په‌له‌یانه له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاره و سامانی خۆیان لای حكومه‌ت، كه‌چی باوكی من مووچه‌ی چه‌ندین مانگ و ساڵی خانه‌نشینییه‌كه‌ی لای حكومه‌ته و وه‌ك ئه‌و سه‌رمایه‌داره پۆپۆلیستانه هه‌ڵینه‌پێچاوه‌ته حكومه‌ت!
ئێمه تا ئێستا هه‌ژاره‌كانمان نه ژماردووه و نازانین چه‌ندن، كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان به‌ره و دوو چینی زۆر خراپ هه‌نگاو ده‌نێت، سه‌رمایه‌داره‌كانمان كێبڕكێ له‌گه‌ڵ وه‌لید بن ته‌ڵاڵ و بیل گه‌یتسه‌كانی جیهان ده‌كه‌ن و هه‌ژاره‌كانیشمان خه‌ریكه شان ده‌ده‌ن له شانی برسییه‌كانی ئۆگه‌ندا و كینیا و كه‌مبۆدیا، كه‌واته له‌م پێودانگه‌دا، ئێمه ده‌بێت دزه‌كانی نیشتمان له‌ناوبه‌رین یان نیشتمانی دزه‌كان وێران بكه‌ین؟ هه‌ڵه‌كه‌مان له‌وه‌دایه كه هه‌میشه نیشتمانمان له داخی دزه‌كان وێران كردووه!