په‌كه‌كه له ئاغجه‌له‌ر!

له‌سه‌ر ئاستی تێكڕای وڵاتانی سه‌ر زه‌وی، پارتی كرێكارانی كوردستان، ته‌نیا له باشووری كوردستان چه‌كیان پێیه و موسهلهحن. ده‌نا له هه‌موو جێیه‌كی ئه‌م دنیا پان و به‌رینه‌دا، مه‌ده‌نی و بێ چه‌كن و ئه‌گه‌ر زۆریشیان بۆ بهێنرێت، ئه‌وپه‌ڕی خۆپیشاندانێك رێك ده‌خه‌ن و هیچیش ناشكێنن!
ئه‌وان له ئێران وه‌ك میوانێكی رۆح سووك دێن و ده‌چن و ئاریشه بۆ خانه‌خوێ دروست ناكه‌ن. ئه‌سڵه‌ن به دیوه شاخاوییهكهیشدا، ئه‌گه‌ر داخڵی سنووره‌كانی ئێران ببن، نه ده‌هێڵن ده‌نگی پێی خۆیان بێت و نه ده‌نگی سمی وڵاغهكانیشیان!
به دیوی توركیاشدا، وه‌ك دیاره به میكرۆسكۆپیش له سلۆپی و شێرناخ گه‌ریلایه‌ك نادۆزیته‌وه. كه‌چی له شوێنی واوه ده‌رده‌كه‌ون، وه‌ختی ئیمپراتۆریای عوسمانیش، له سنووری خه‌لافه‌ته‌كه‌ی سوڵتان نه‌بووه!
ئێمه پێویسته واز له‌م عاتیفه نه‌ته‌وه‌ییه بهێنین، ئه‌وان برامانن، با ئامانجهكهشیان ره‌وا بێت، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی زه‌ره‌ره. په‌كه‌كه له ئاغجه‌له‌ر مقه‌ڕی بۆ چییه؟ نه سه‌ر سنووره، نه ستراتیژییه، نه ده‌روازه‌ی گه‌یشتنه به وان و باتمان، ئێ بۆ له‌وێن؟
جا بۆ ئه‌وه‌ی دوور له هه‌ڵچوونی عاتفی، نامۆیی ئه‌م سیاسه‌ت و ره‌فتارانه‌ی په‌كه‌كه‌ت بۆ روون بێته‌وه، ده‌بێت نمایشه‌كه به جۆرێكی تر بهێنیته پێش چاوت، مه‌سه‌له‌ن پارتی بچێت له مونبج شه‌ڕی به‌شار ئه‌سه‌د بكات و ئه‌وانیش له تۆڵه‌ی ئه‌م كاره‌دا، به باڵه‌فڕی سۆخۆ كۆبانێ بۆردومان بكه‌ن. ئه‌گه‌ر بشڵێیت ئه‌م خه‌باته‌ی پارتی هه‌ڵه‌یه، بڵێن ئێمه براین و كه‌س نابێت رێمان لێ بگرێت.
ده‌ی ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه له باشووری كوردستانیش، به هه‌مان شێوه‌ی رۆژئاوای كوردستان مامه‌ڵه بكات و ناو و شوناس و شێوازی كاركردن و هه‌موو شتێكی خۆی له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه بگونجێنێت، ئێ حه‌تمه‌ن توركیا ناتوانێت بۆردومانی بكات! ئه‌رێ بۆچی قه‌ت توركیا له حه‌سه‌كه رووبه‌ڕووی په‌كه‌كه نابێته‌وه؟ بۆچی فڕۆكه‌ی به‌یره‌قدار هێشتا ئاسمانی قامیشلیی نه‌دیوه؟ بۆ نه‌گه‌یشته پاوه و نه‌وسود له رۆژهه‌ڵات؟
ئێ قوربان تۆ له كۆبانێوه له توركیا بده‌ی، رووسیا لێت قبووڵ ناكات و له قامیشلییه‌وه لێی بده‌ی، ئه‌مه‌ریكا لێت قبووڵ ناكات و له ورمێوه لێی بده‌ی، ئێران لێت قبووڵ ناكات و له موسڵه‌وه لێی بده‌ی، عێراق لێت قبووڵ ناكات، ده‌ی بۆ ده‌ته‌وێت له ئاغجه‌له‌ره‌وه كێشه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم بنێیته‌وه؟