له به‌یتی ئیمامه‌وه بۆ به‌یتی مام!
چوار پێنج كه‌شتی مرۆڤ، له ئیسپانیا و پورتوگال و ئینگلستانه‌وه، ئۆقیانوسیان بڕی و له سه‌رزه‌مینێكی پان و به‌رین گیرسانه‌وه، نه شارستانییه‌تی لێ بوو نه مێژوو، كۆمه‌ڵه مرۆڤێكی دێرین له‌وێ له‌سه‌ر ڕاووشكار و ڕێوڕه‌سمه دێرینه‌كانی بابوباپیرانیان ده‌ژیان، زۆرینه‌یان قه‌تڵوعام كران و له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌یان ئه‌م ئه‌مه‌ریكا زه‌به‌لاحه‌ی ئه‌مڕۆ دروست كرا!
بێگانه‌كانی سه‌ر ئه‌م خاكه، بۆ مانه‌وه ده‌ستیان كرد به سیمبولسازی و ڕه‌گ داكوتان، كۆنگرێسیان دانا و جۆرج واشنتۆنیان لێ بردینه ئاسمان، له كاتێكدا یه‌كه‌م سه‌رۆك بوو كه له‌سه‌ر خوێنی مرۆڤ، كۆماره‌كه‌ی دامه‌زاند. له ڕاستیدا چ جۆرج واشنتۆن و چ ئه‌وانه‌ی پاش خۆیشی تا ده‌گاته ئه‌بره‌هام لینكڵن، هیچیان ئه‌وه‌نده شتێكی (عه‌زیمول شه‌ئن) نه‌بوون و ته‌نیا سیمبولاتی هێشتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه بوون. باسه‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا نییه، ویستم له‌مه‌وه باسی سیمبولسازی و ڕه‌گداكوتانی نه‌ته‌وه‌یی بكه‌م! ئێستاش ئه‌گه‌ر پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له مهاباد نه‌نێژرابایه، ئه‌گه‌ری زۆر بوو كورد بوون كاڵ ببووایه‌ته‌وه لای خه‌ڵكی! بریا ئیمكان هه‌بایه تا شه‌هید قاسملوش ببرابایه‌ته‌وه بۆ ورمێ!
له ئێرانی سه‌رده‌می شاهه‌نشاهیدا، ژماره‌ی مه‌رقه‌د و مه‌زارگه‌كانی شیعه، هه‌زار و پێنجسه‌د دانه بوون، به‌ڵام پاش شۆڕش و دامه‌زراندنی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران، ژماره‌یان گه‌یه‌ندرایه نزیكه‌ی یانزه هه‌زار مه‌زارگه، ئێستاش به‌رده‌وام له هه‌ر گرد و ته‌پۆڵكه و ده‌شت و چۆڵه‌وانییه‌كی شاره‌كانی ئێران دا گۆڕێك بدۆزرێته‌وه، وه‌ك نه‌وه و ئه‌ولادی عه‌لی و حه‌سه‌ن و حوسێنی كوڕی تۆماری ده‌كه‌ن و كۆشك و مه‌زاری له‌سه‌ر دروست ده‌كه‌ن، نه‌ته‌وه یان به جه‌هل ده‌هێڵرێته‌وه یان به ئه‌قڵ، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ڕه‌مزی میللی و شكۆمه‌ندی میللی دروست نه‌كات، ناتوانێت به‌باشی كۆبێته‌وه، ڕه‌مزی میللی با درۆش بێت، هه‌ر گرنگه، نه‌ته‌وه ده‌بێت كه‌سێك یان زیاتری بۆ بكه‌یته سیمبول و خاڵی ده‌ستپێك، ده‌بێت وا بزانێت كه ئه‌وانه‌ی پاش خۆی كه‌سانی گه‌وره و گرنگ بوون و چاویان لێ بكات، یه‌كێك له سه‌ركرده گه‌وره‌كانی كورد (كه باش نییه ناوی بڵێم!) له دانیشتنێكدا وتبووی: ئه‌رێ ئه‌م ماندێلا ماندێلایه‌تان له چییه؟ ده‌ی با بهێنرایه‌ته زیندانی ئه‌بو غره‌یب و چوار جار له كاره‌با بدرابایه و چوار كێبڵیان بكێشایه به شان و ملیدا، ئه‌وجا ببوایه‌ته ئه‌م ماندێلایه‌ی ئه‌مڕۆ؟! جا ئه‌م قسه‌یه ده‌قیقه‌ن ڕاسته، ئێمه له زیندان و له ژێر په‌ت و كاره‌با و كێبڵی به‌عس و ساواك و ئیتڵاعات و كه‌مالیسته‌كاندا، سه‌دان ماندێلا و گاندیمان هه‌بووه و كه‌سیش نایناسێت، چونكه ئێمه به‌دوای سیمبولسازییه‌وه نین و فه‌رهه‌نگ داناتاشین كه ده‌بێت بیكه‌ین!
گرفتی سه‌ره‌كی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه ئه‌وه‌یه كه نایه‌وێت ڕه‌مزی هه‌بێت، هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه ڕه‌مزیان نه‌بوو، به ماوه‌یه‌كی كورت دروستیان كرد، ئه‌وه‌ی تێكڕای شیعه‌كانی له ئێرانه‌وه بۆ لوبنان و یه‌مه‌ن و به‌حره‌ین و عێراق و له‌وێشه‌وه بۆ نه‌یجیریا كۆكرده‌وه، به‌یتی ئیمام خومه‌ینی بوو، پاش مردنی خومه‌ینی، عه‌لی خامنه‌ئی له به‌یتی ئیمامه‌وه كردی به به‌یتی ڕه‌هبه‌ری و به پێی یاسا ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های پێدا و هه‌تا ئێستاش ناوه‌ندی كۆكردنه‌وه‌ی شیعه‌كانی جیهانه! له‌و به‌یته‌وه ئێران به‌ڕێوه ده‌برێ و هه‌ر له‌وێشه‌وه ململانێی جیهان ده‌كرێ!
ئێستاش كه وا بڕیاره له سلێمانی پڕۆژه‌ی (ماڵی مام) بكه‌وێته كار، ئه‌ڵبه‌ت كه له ڕووی ناونانه‌وه ئیلهامی له هه‌مان ده‌سته‌واژه‌ی به‌یتی ئیمامه‌وه وه‌رگرتووه، خۆشتر بوو لام ناوێكی تری هه‌بایه، به‌ڵام باشترین پڕۆژه‌یه كه ده‌شێت سیمبولسازی و فه‌رهه‌نگسازی پێوه بكرێت، ئه‌گه‌ر خانه‌واده‌كه‌ی وه‌ك سیمبولێكی عێراقی نه‌یناسێنن و گۆڕ و گومبه‌زه‌كه‌ی به ئاڵای عێراق و سیمبولاتی عروبه‌وه نه‌ڕازێننه‌وه، ده‌شێت له ڕۆژگارێكدا گه‌شتیارێكی زۆر له جیهانه‌وه بۆلای خۆی ڕابكێشێت، ده‌شێت بكرێته مۆزه‌یه‌كی دیرۆكی، شوێنی موزیك و هه‌ڵپه‌ڕكێ بێت، شوێنی شانۆ و كۆبوونه‌وه بێت، با كچ و كوڕێكی جوان گیتار بژه‌نن و سه‌مای تیا بكه‌ن، نه‌ك ته‌نیا شوێنی قوڕپێوان و فاتیحا و ڕه‌شپۆشی و تازه‌كردنه‌وه‌ی به‌ڵێنی حیزبی بێت! ئه‌وه‌ی كه هه‌موو سه‌ركرده گه‌وره‌كانی سه‌د ساڵی ڕابردووی كورد، كراونه‌ته سیمبولی حیزبی و به پاس ته‌نیا خه‌ڵكی باره‌گا حیزبییه‌كانیان بۆ ده‌برێت، یه‌كێكه له هه‌ره نه‌فامییه سیاسییه‌كانمان له‌م ڕۆژگاره مۆدێرنه‌دا!
تا ئێستاش بارزانییه‌كان پۆز به‌وه‌وه لێ ده‌ده‌ن كه ناوچه‌ی بارزان شوێنێكی ئاساییه و خزمه‌تگوزاری تیایدا وه‌ك هه‌ر شوێنێكی تری كوردستانه، هه‌موو هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه بوو كه بیسه‌لمێنن و خه‌ڵك تێبگه‌یه‌نن كه پاره‌ی زۆر له‌و ناوچه‌یه‌دا سه‌رف نه‌كراوه و مه‌لا مسته‌فا له شوێنێكی ئاسایی‌دا نێژراوه، ئه‌مه بێ ماناترین تێڕوانینه، ئه‌سڵه‌ن ده‌بێت گومبه‌زێك بۆ مه‌زاری مه‌لا مسته‌فا دروست بكرێت، سه‌ری بگاته هه‌ور، ده‌بێت هه‌موو ئه‌و ناوچه‌یه بكرێته ڕه‌مزێكی گه‌وره! هه‌تا ئێستاش ئێمه نازانین گۆڕی ئه‌و هه‌موو میره‌ی بابان كوان؟ گۆڕی میرانی سۆران و بادینان له كوێن؟ كوا پاشامان؟ كوا سیمبول و سه‌ركرده‌مان؟ ئێ خۆ ده‌بێت دووسه‌د ساڵی تر نه‌وه‌كانمان به‌و خه‌ڵكه بێگانه‌یه بڵێن: كاكه ئه‌مه خاكی منه و ئه‌وه‌تا گۆڕی فڵانه سه‌ركرده و قه‌ڵا و دروشمی فیساره ڕابه‌رم؟! ئه‌سڵه‌ن ده‌بێت به‌رد بتاشین و چیا كون بكه‌ین و بچینه قووڵایی زه‌مینه‌وه و ناوی خۆمان و ئه‌ژدادمان بنووسین! ئه‌م خاكه‌ی كه له دوو هه‌زار ساڵی ڕابردووه‌وه تا ئێستا هه‌ر كه‌س به‌هێزتر بوو، هات و به‌شێكی كرد به هی خۆی، ده‌ی ئه‌گه‌ر به‌هێزتر هات چی بكه‌ین؟
ده‌بێت به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ڕابردووی سیاسی و ململانێی حزبی، هه‌رچی سه‌ركرده‌ی كورده، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به درۆشه‌وه بووبن، بكرێنه سیمبولێكی گه‌وره و بۆ هه‌ر یه‌كه‌یان قوله و قه‌ڵایه‌كی گه‌وره دروست بكرێت! به‌ڵام قه‌ڵا و مۆزه‌خانه بۆ مێژوو، نه‌ك بكرێنه ڕه‌مزی تاغوت و سته‌مكاری، كه‌س نه‌وێرێ یان نه‌یه‌وێ به‌لایدا بڕوات!