ئه‌گه‌ر كورد ئازا نه‌بووایه
ئێستا كورده‌كان نیوه‌ی خاكی سوریایان له‌ژێر چنگدایه، كورد ئه‌گه‌ر چه‌كی پێ بێت و هاوكاری بكرێت، هیچ قوله و قه‌ڵایه‌ك له‌به‌رده‌میدا خۆی ناگرێت. ئه‌و هه‌موو چه‌كه توند و تۆكمه‌یه به‌سوپای عێراق بوو كه‌چی له موسڵ هه‌ڵهات، نیوه‌ی ئه‌وه‌ش نه‌درا به به‌پێشمه‌رگه، شكۆی داعشی شكاند.
ئه‌وه وه‌ختی خۆیشی پاش ئه‌وه‌ی سمكۆی شكاك ته‌نگی به ڕه‌زاشاه هه‌ڵچنی و چه‌ندین ناوچه‌ی فراوانی خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه، چووه لای ئینگلیز و به‌ڵێنی پێدان ئه‌گه‌ر ئه‌وان چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بده‌نێ، وان و ئه‌رزڕۆم و سیواس و هه‌كاری و به‌دلیسیش له توركه ناسیۆنالیسته‌كان پاك ده‌كه‌نه‌وه، پاشان پێی وتن: ئێمه ده‌توانین ئه‌نكاراش بگرین.
تۆ بڕوانه، هه‌موو مێژووی ئه‌م ناو‌چه‌یه و جیهان ژێروبن بكه، هه‌رچی له‌سه‌ر كورد گوتراوه، هه‌ر باسی بزێوی و ئازایه‌تی و چاونه‌ترسی و جه‌ربه‌زه‌یی بووه، هه‌ر ئه‌مه‌ش سڕڕ و سحری مانه‌وه‌ی ئه‌م نه‌ژاده بووه، كه‌چی كابرایه‌ك كه ڕۆژی زێڕینی یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی له شازده‌ی ڕه‌شی ئۆكتۆبه‌ر بووه، دێت و ده‌ڵێت: ئێمه چیمان ده‌كرد؟ ته‌یاره‌ی هاوپه‌یمانان داعشی ده‌سووتاند و ئێمه‌ش سێڵفیمان له گه‌ڵ ده‌گرت. ئه‌ها تۆ ببینه، هه‌زار شه‌هید، ده هه‌زار بریندار، ده‌یان دیل و بێسه‌روشوێنت دابێت و خۆشت بێیت و بڵێیت: هیچمان نه‌كرد و هیچ نه‌بووین، خه‌ڵكی تر كردی. تۆ ببینه هه‌موو ئیفتیخارێكی كورد ئازایه‌تییه‌كه‌یه‌تی، كه‌چی ته‌ره‌فدارانی ویلایه‌تی فه‌قیهه‌ش دێن و گومان له‌سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ی شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی دروست ده‌كه‌ن.
مێژووی كورد پڕیه‌تی له پیاوی سه‌ركێش و چاونه‌ترس، كورد له‌وه‌ته‌ی هه‌یه به‌هۆی (به‌قه‌ولی كاك نه‌وشیروان) ئاله‌نگارییه‌كه‌یه‌وه (ته‌حه‌ددا) ماوه‌ته‌وه. هه‌ر ئه‌م شوێنه‌ی كه ئێستا كوردی لێیه و پێی ده‌گوترێت كوردستان، ئیمپراتۆریای ئاشووری لێ بووه، شارستانیه‌تی بابل و ئه‌كه‌د و سۆمه‌ری لێ بووه، كه‌چی هه‌موویان له‌ژێر گوشاره‌كانی ڕۆژگاردا تووانه‌وه و ته‌نیا كورد مایه‌وه. له‌خۆت بپرسه، كوا ئیمپراتۆریای ئاشوور؟ كوا سۆمه‌رییه‌كان؟ كوا بابلییه‌كان؟ كوا ئه‌كه‌دییه‌كان؟ بۆ هه‌موویان تارومار بوون و كورد ما؟
ئێ كورد ته‌حه‌ددای كرد، كورد شه‌ڕی له‌پێناوی مانه‌وه‌دا كرد، كاتێك دوو ئیمپراتۆریای عوسمانی و سه‌فه‌وی هه‌موو شتێكیان له‌ڕێی شیر و تیر و ئاگره‌وه ده‌سڕییه‌وه، كورد به‌هۆی ئازایه‌تییه‌كه‌یه‌وه ده‌یان میرنشینی له چه‌قی ئیمپراتۆریاكه‌یان سه‌پاند بوو، كه زۆرجار هه‌ندێكیان هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ر عه‌ره‌شی عوسمانی و سه‌فه‌وی دروست ده‌كرد. تۆ ئازابووی بۆیه مایت. تۆ ئازابووی بۆیه نه‌توایته‌وه. حكومه‌تی هه‌رێم و تێكڕای ئه‌م ئه‌زموونه سیاسییه‌ی ئێستاش (جا چ باش بێ یان خراپ.) به‌رهه‌می ئازایه‌تی و چاونه‌ترسی تۆیه، كورد به‌هۆی ئازایه‌تییه‌وه هه‌یه نه‌ك به‌هۆی ژێرێتی و ده‌وڵه‌تداری و تێگه‌شتن له جاڕ و جه‌ده‌له سیاسییه‌كانی ڕۆژگار. كورد ئه‌گه‌ر ئازا نه‌بێت، هه‌رچی شك ده‌بات، هه‌رچی هه‌یه و هه‌رچیشی ماوه، له مابه‌ینی له‌یله‌ته‌ن وه‌ضوحا لێی ده‌سه‌نرێته‌وه، وه‌ك چۆن یه‌ك حه‌فته ترسنۆك بوو، یه‌ك حه‌فته به‌تۆقاوی وه‌ستا، له‌یله‌ته‌ن وه‌ضوحا كه‌ركوكی لێ سه‌ندرا، دوو ڕۆژیش بووه‌وه به‌خۆی، له‌پردێ و سحێلا حه‌شدی تارومار كرد. وادیاره هه‌موو ئه‌م ڕووداوانه‌ی كه ئه‌مڕۆ به‌سه‌ریدا دێت، به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه نه‌یاره‌كانی دڵنیا بوونه‌ته‌وه تاكه شوهره‌تی كورد كه ئازایه‌تییه‌كه‌ی بوو، ئه‌ویشی نه‌ماوه.
كورد جاران شه‌ڕی له‌سه‌ر زمانه‌كه‌ی ده‌كرد، كه‌چی ئه‌مڕۆ شه‌ڕ به زمانه‌كه‌ی ده‌كات، تۆ ببینه ڕۆژی چه‌ند جنێو به‌یه‌ك ده‌ده‌ین؟ ئه‌گه‌ر جنێوه‌كان ئامار بكرێن، ڕه‌نگه تاكه شت بێت بتوانین لێی هه‌نارده بكه‌ین. من دڵنیام له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی باسی كابرای سێڵفییه‌كه‌شمم له‌م وتاره‌دا كردووه، ده‌یان جنێوم بۆ دێت.
ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه به‌باشی خۆی ده‌رخستووه، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه خۆی بناسێنێت، سه‌دان ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه و میدیای جۆراوجۆری هه‌یه، جگه له‌خۆی كه‌سی تر لێی تێ ناگات. كه‌سی تر نایخوێنێته‌وه، كه‌سی تر سه‌یری ناكات. كێشه‌ی ئه‌مڕۆی كورد پێش ئه‌وه‌ی ئابووری و سیاسی بێت، كێشه‌ی زمانه، ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه ناتوانێت زمانێكی گونجاو بۆ ئازاره‌كانی بدۆزێته‌وه، ناتوانێت نه‌هامه‌تییه‌كانی خۆی دیكیۆمێنت بكات، ئه‌رشیفی نییه، مێژووی نیه، فه‌یله‌سوفی نییه، ئه‌سڵه‌ن مێژوونووسی نییه، ئه‌گه‌ر سایت و ماڵپه‌ڕه ئه‌لكترۆنییه‌كانی ئه‌مڕۆ كێشه‌یه‌كیان تووش بێت، ڕووداوه‌كانی ساڵی ڕابردووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه له‌هیچ شوێنێكی تردا په‌یدا نابن..
عه‌ره‌ب جگه له‌خۆی، ده‌یان نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ی دونیا به زمانه‌كه‌ی قسه ده‌كه‌ن، فارسیش هه‌ر به‌و جۆره، تورك و ئینگلیز و ڕووس و ئیسپانی و نه‌ته‌وه‌كانی دیش هه‌ر به‌و جۆره‌ن،
سه‌رباری ئه‌مه‌ش هاتوون سه‌دان و هه‌زاران پڕۆگرام و به‌رنامه‌یان داڕشتووه تا زۆرترین نه‌ته‌وه‌ی تری دونیا فێری زمانه‌كه‌یان بن، به‌ڵام تۆ له‌كاتێكدا له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی زه‌وی، هیچ مرۆڤێكی تر جگه له كورد، به‌زمانه‌كه‌ت قسه ناكات، نایه‌یت زمانه‌كه‌ت بكه‌یت به نێوده‌وڵه‌تی، خه‌ڵكی زاخۆ بیت له كه‌لار به باشی لێت تێناگه‌ن، خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه بیت له ئاكرێ به باشی لێت تێناگه‌ن.
ئێمه میلله‌تێكی لۆكاڵین، نه له‌مه‌ڕ مێژووی خۆمان كتێب ده‌نووسین و نه مێژووی میلله‌تانی تریش به باشی ده‌خوێننه‌وه. تا بۆمان بكرێت سوكایه‌تی به‌خۆمان ده‌كه‌ین، هیچ سیمبولێكمان نه‌ماوه، هیچ پیرۆزییه‌كمان نه‌ماوه، له هه‌موو داهێنانه‌كانی مرۆڤایه‌تی، یه‌ك دانه‌ی هی كورد نییه، هه‌موو ناوبانگ و شوهره‌تێكی كوردی به‌هۆی ئازایه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌یه‌تی، ده‌ی ئه‌مڕۆ خه‌ریكه ئه‌وه‌ش له‌ده‌ست ئه‌دات، فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانت دێنه سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و ده‌ڵێن شه‌ڕی حه‌شدمان پێ ناكرێت، بۆیه شێو خه‌وتین و ڕۆژ هه‌ستاین له‌تێك له وڵاتیان ڕاده‌ست كرد، پێشتر هه‌ر ئه‌م فه‌رماندانه به كڵاشینكۆف و سه‌مینۆفه‌وه شه‌ڕی به‌عسیان ده‌كرد.
ویستم بڵێم جاران كورد هیچ نه‌بوو ته‌نیا ئازا بوو، ئه‌مڕۆش هه‌ر وه‌ك جاران هیچ نییه و ئازایه‌تییه‌كه‌شی فڕێ داوه. له‌ڕابردوودا پاره و مووچه‌یان ده‌داینێ و داوای ئازادیمان ده‌كرد و دابوومانه شاخ بۆی، ئه‌مڕۆ ئازادیمان هه‌یه و ده‌یانده‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌مان بده‌نێ.
مه‌گه‌ر خودا، ده‌نا ئێمه پرسیارێكین به هیچ كه‌س حه‌ل ناكرێین.