نیشتمانی دڵە تێکشکاوەکان

Kurd24

1
جاران لە نیشتمان دەژیام،
ساڵانێکە
نیشتمان لە مندا دەژی،
ژینم دەکەم بە قوربانی
شار و گوندی،
چەم و دۆڵی،
دەشت و کەژی.
*
من لەمێژە
وەتەنم بەجێ ھێشتووە،
بەڵام وەتەن
قەت ڕۆحی بەجێ نەھێشتووم،
عومرێکە لەوێ نەژیاوم،
بەڵام ئەوێ
ھەموو ژینی داگیر کردووم.


2
یادگارێ جێ ناھێڵین
ھەر دەڵێی زەریا دەکێڵین،
نە ئومێدێ شک دەبەین و
نە ھەوارێ ڕووی تێ بکەین،
نە سەربەرزی
سکی برسیمان تێر دەکا،
نە ئەزموون ھیچمان فێر دەکا،
تەنیا دڵمان بەوە خۆشە
لەودیو شووشەی پەنجەرەوە
دوو پەپوولە
ماچی گەرم دەگۆڕنەوە.


3
ئەگەر وەکوو من دڵتەنگی
بەیانیان زوو
لە خەو ڕابە
گوێ ڕادێرە بۆ بێدەنگی.


4
سوور دەزانم ڕۆژێ دادێ
بە فیشەکێ
دوایی بە عومرم دەھێنم،
وەکوو چۆن ھەموو کەڕەتێ
بە نوقتەیە
دوایی بە شیعرم دەھێنم.
*
١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥
ستۆکھۆڵم