هه‌موو شت بده‌نه‌وه به به‌غداد
داوا ده‌كه‌ین حكومه‌تی هه‌رێم هه‌رچی سامان و سه‌رمایه‌ی هه‌رێمه‌كه‌یه، ته‌نانه‌ت خاك و سنووره‌كه‌یشی، راده‌ستی به‌غدادی بكات، ئه‌گه‌ر به‌غدایش رێكنه‌كه‌وێت، ئێمه هه‌ر به تاوانی هه‌رێمی ده‌زانین. داوا ده‌كه‌ین هه‌رێم هه‌رچی سازش هه‌یه بیكات، ئه‌گه‌ر به‌غدایش قه‌بووڵی نه‌بوو، هه‌ر خه‌تای هه‌رێمه!
داوا ده‌كه‌ین ده‌روازه سنوورییه‌كانی هه‌رێم، نه‌وت و هه‌رچی كانزایه‌كی تریشی هه‌یه، هه‌مووی بداته به‌غداد. ئه‌گه‌ر نه‌یدات، خۆپیشاندان ده‌كه‌ین و خه‌ڵكی تێبه‌رده‌ده‌ین، ئه‌گه‌ر دایشی، له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و له فهیسبووكهوه به خه‌ڵك ده‌ڵێین (هه‌موو شتێكیان دایه به‌غداد، كوردستانیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه، سه‌روه‌ری هه‌رێمیان نه‌هێشت). ئێمه له هه‌ردوو باره‌كه‌دا، هه‌ر سه‌ركه‌وتووین، چونكه خه‌ڵكێكی باشمان به دواوه‌یه و به باوه‌ڕمان پێ ده‌كات.
ساڵی 2017یش دامانه پاڵ حه‌شدی شه‌عبی، چاوساغیمان بۆ كردن، ده‌روازه‌ی كه‌ركووكمان بۆ كردنه‌وه، پێشنیازیشمان بۆ كردن نه‌وه‌ستن و هه‌ولێریش بگرن. كه شوێنه‌كانیش كه‌وتنه ده‌ست حه‌شدی شه‌عبی، له ته‌له‌فزیۆنه‌وه به خه‌ڵكمان وت: ئه‌وانه سه‌دی په‌نجا و یه‌كی خاكیان له ده‌ستدا. جا ببینه، ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی داوا ده‌كه‌ن هه‌موو شتێك راده‌ستی به‌غداد بكرێت، كه بیانه‌وێت جنێو به حكومه‌ت و پێشمه‌رگه بده‌ن، ده‌ڵێن: سه‌دی په‌نجا و یه‌كی خاكی كوردستان‌مان له ده‌ستدا، كه‌چی به‌رده‌وامیش ئیش بۆ ئه‌وه ده‌كات سه‌دی چلونۆكهی تریش بدرێته به‌غداد.
خۆی به پێی ده‌ستوور، هه‌رچی دام‌و ده‌زگا و دامه‌زراوه له عێراقدا هه‌یه، ده‌بێت تۆی كوردیش تیایدا به‌شدار و ده‌سه‌ڵاتدار بیت. ده‌ی كه‌ی وایه؟ تۆ پێت وایه وه‌زیرێكی یه‌كێتی له هه‌ولێر و وه‌زیره‌كه‌ی پارتیش له سلێمانی ده‌ستی ناڕوات، چما له به‌غداد چوار وه‌زیری كورد هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه؟
سۆمۆ، كۆمپانیای فرۆشتنی نه‌وتی عێراقه، یه‌ك كوردی وه‌كو كرێكاریش تیا نییه. كۆمپانیای نه‌وتی باكوور له كه‌ركووك هه‌یه، جگه له هه‌ندێ حه‌ره‌س و كرێكار، هیچ كوردێكی وه‌كو ده‌سه‌ڵاتدار تیا نییه. ده‌بوو له بیست سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری سوپای عێراق، پێنجیان كورد بوونایه، كه‌چی وا نییه! ده‌بوو له هه‌ر سه‌د دۆلارێكی عێراق، بیست و شه‌ش دۆلاری هی كورد بووایه، ده‌ی نایده‌ن!
ئه‌دی به چ حه‌قێك نه‌وتی وڵاته‌كه‌ی خۆتی ڕاده‌ست بكه‌یت و ئه‌گه‌ریش نه‌یكه‌یت وه‌ك له‌شكری مه‌غۆل، ئه‌گه‌ری هه‌یه په‌لامارت بده‌ن؟ هه‌ر ئێستا كه‌ركووك به خه‌ڵك و خاك و نه‌وتییه‌وه، به ده‌ستی ئه‌وانه‌وه‌یه، كه‌چی به جه‌یش و موسهلهحهوه، عه‌ره‌بی به‌ده‌وی ده‌به‌ن و له په‌لكانه له سه‌ر ماڵ و خاكی كورده‌كه نیشته‌جێی ده‌كه‌ن. هه‌موو سامانی ئه‌و سه‌ددی په‌نجا و یه‌كه‌ی خاك، كه تۆ حكومه‌تی هه‌رێمی پێ ته‌عن ده‌كه‌یت گوایه له ده‌ستیان داوه، ئێستا به ده‌ستی عه‌ره‌به‌وه‌یه، ئێ كه‌ركووك له زبڵی خۆیدا خه‌ریكه ده‌خنكێت! عه‌داله‌تێك كه ده‌تانه‌وێت هه‌رێم هه‌یبێت، بۆ له به‌غدایشی داوا ناكه‌ن بۆ كه‌ركووك و مه‌خمور و خانه‌قین و جه‌له‌ولا و سه‌عدییه و پردێ؟!
له ژێر كاریگه‌ری كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتاری خۆفرۆش و نماینده‌ی حه‌وزه، هه‌ندێ له گه‌نج و لاوی له دایكبووی دووهه‌زاره‌كان هێشتا تێناگه‌ن شیعه له قوم جوانتر و له نه‌جه‌ف ڕازاوهتریان پێ دروست ناكرێت. تۆ ئاساییه و ده‌توانیت له باوكت تووڕه و نیگه‌ران بیت، به‌ڵام ناماقووڵییه خانووه‌كه‌تان بده‌یت به عه‌باسی دراوسێتان!