په‌رله‌مان له‌وه‌ڕگه نییه بۆ شیری زیاتر!
په‌رله‌مانتار، ته‌نیا دوو وه‌زیفه‌ی هه‌یه، دانانی یاسا و به دواداچوون بۆ جێبه‌جێ بوونی. هه‌ر ئیشێكی تر بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باش و به‌سوودیش بێت، خه‌رقی یاسا و وه‌زیفه په‌رله‌مانتارییه‌كه‌یه‌تی. تۆش كه كه‌سێكت وه‌ك په‌رله‌مانتار هه‌ڵبژارد، نابێت جگه له دانانی یاسا و چاودێریكردن بۆ جێبه‌جێكردنی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، چاوه‌ڕێی هیچ شتێكی تری لێ بكه‌یت. هه‌ر ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانیش، ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو كاره‌ی نه‌كرد، لایق و شایسته نییه وه‌ك نوێنه‌ر لێی بڕوانرێت.
په‌رله‌مانتار خه‌تیب و ئیمام جومعه نییه وتاری وه‌عز و نه‌سیحه‌تت بۆ بدات. داعی و بانگخوازیش نییه بچێته سه‌هۆڵه‌كه و ئیسكان بانگه‌شه‌ی ئاینی و سیاسیی بكات. ئیشی په‌رله‌مانتار وتارنووسین و لایڤ كردنه‌وه‌ی فه‌یسبووكیش نییه. په‌رله‌مانتاریی ئیشێكی قورسه، ده‌بێت موتاڵای قانوونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی هه‌بێت. پێویسته له ڕۆحی یاسا تێ بگات و باشترین به‌ند و بڕگه دابڕێژێته‌وه تا پایه‌ی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه مه‌حكه‌م تر بێت. ده‌ی كه‌ی په‌رله‌مانتاری ئێمه ئه‌مه ده‌كات؟ زۆرینه‌یان بۆیه ده‌چنه په‌رله‌مان تا مووچه‌ی باش بۆ خۆیان مسۆگه‌ر و جومگه‌كانی حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تداریش له‌قتر بكه‌ن.
له سه‌رتاشخانه‌یه‌ك بووم، سه‌رتاشه‌كه ته‌له‌فۆنێكی بۆ ئومێد خۆشناو كرد. پێی وت: ئۆتۆمبێله‌كه‌ی باوكم له لایه‌ن پۆلیسی هاتووچۆوه ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه بۆم به‌ر بده. ئومێد خۆشناو پێی وت: ئه‌مه بۆ من عه‌یبه، تۆ حه‌زه‌كه‌ی شه‌رمه‌زار بم؟ سه‌رتاشه‌كه‌ش هه‌ر پێ‌داگر بوو له‌وه‌ی كه ئومێد خۆشناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بۆ به‌ر بدات كه سه‌رپێچی ڕوون و ئاشكرای یاسای پێ كرابوو. وه‌لحاڵ خۆشناو نه‌ی كرد، كه ته‌له‌فۆنه‌كه داخرایه‌وه، سه‌رتاشه‌كه به كۆمه‌ڵێك ورده جنێوه‌وه كه‌وته هه‌ڕه‌شه "ئاخر من كه‌رم ده‌نگ به تۆ ده‌ده‌م، ... وا، هه‌ژده ده‌نگم بۆ خڕ كرده‌وه، جا بۆ شتێكی وا نه‌بێت تۆم بۆچییه، وه‌ڵاهی پیاو بم ده‌نگت پێ ناده‌مه‌وه؟!".
له كوردستان زۆرینه‌ی خه‌ڵك له وه‌زیفه‌ی په‌رله‌مانتار تێ ناگه‌ن و زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاریش هه‌ر وه‌ك زۆرینه‌ی خه‌ڵك كاری په‌رله‌مانتاریی لێ ده‌خوڕن. كاندیداكان له كاتی بانگه‌شه‌دا، پڕۆپاگێندای ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ر ده‌نگیان پێ بدرێت، شه‌قامیان بۆ قیرتاو ده‌كه‌ن و دایانده‌مه‌زرێنن و مووچه‌یان بۆ زیاد ده‌كه‌ن و ده‌یان و سه‌دان و بگره هه‌زاران به‌ڵێنی ئایدیاڵیی تر. كه‌سیش تانه‌ی ئه‌وه‌یان لێ نادات كه ئه‌وه ئیشی ئه‌وان نیه و ده‌زگای جێبه‌جێ كردن ده‌بێت پێی هه‌ستێت كه حكومه‌ته.
له هه‌موو جیهان سێ ده‌زگا ده‌وڵه‌ته‌كان به‌ڕێوه ده‌بات و ده‌زگایه‌كیش وه‌ك عورفێكی مه‌عنه‌وی به ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م دانراوه. ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان كه په‌رله‌مانه. ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كه دادگاكانه. ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن كه حكومه‌ته. ده‌سه‌ڵاتی چواره‌میش كه میدیایه، به‌ڵام پایه‌یه‌كی فه‌ڕمی ده‌وڵه‌تداریی نییه و ته‌نیا عورفێكی دیموكراسی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م ئه‌ژماری كردووه.
به هه‌موو جیهاندا بگه‌رێ، له هیچ كوێدا، هیچ ده‌وڵه‌تێك نییه میدیا به‌ڕێوه‌ی به‌رێت، ته‌نیا له هه‌رێمی كوردستان میدیا وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌ق (نه‌ك چواره‌م!) بڕیار ده‌دات و جێگه‌ی به هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تریش له‌ق كردووه. ئه‌م هه‌رێمه كه ئه‌مڕۆ فه‌یسبووك و سایت و تیكتۆك به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، مرۆڤه‌كان له نێویشیدا وه‌ك میدیاكاری كارامه و پرۆفێشناڵ كار ناكه‌ن. فه‌وزا و غه‌ڵبه‌غه‌ڵب ده‌نێنه‌وه و كه‌سیش ناتوانێت تانه‌یان لێ بدات. له زۆربه‌ی دۆخه ناهه‌مواره سیاسی و ئابوورییه‌كانی كوردستان، په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و كاربه‌ده‌ستی باڵامان هه‌بووه له ترسی سۆشیاڵ میدیا نه‌یوێراوه بڕیاری گونجاو بدات. جا ئێستا هه‌ندێ كه‌س قووت ده‌بنه‌وه و به‌مه ده‌ڵێن ڕای گشتی، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌مه گه‌مژه‌بوونی ده‌سته‌جه‌معییه نه‌ك ڕای گشتی. خه‌ڵكی ئاسایی و نه‌زان، به تاك قسه بكه‌ن هه‌ر خراپه و به گشت قسه بكه‌ن خراپتر.
ئه‌مڕۆ له باشووری كوردستان كاری په‌رله‌مانتاری، وه‌ك هه‌لێكی ناوازه‌ی كار لێی ده‌ڕوانرێت. كه‌سێك كه نه‌یتوانی بێت ده‌وڵه‌مه‌ند بێ یان سه‌قامگیرییه‌كی ئابووری بۆ خۆی و منداڵ و خزمانی به ده‌ست بهێنێت، هه‌وڵی گه‌یشتنه په‌رله‌مان ده‌دات. بۆیه له‌م گۆشه نیگایه‌شه‌وه هه‌میشه خانه‌واده‌كه‌ی من پێم ده‌ڵێن: ئه‌رێ بۆ خۆت كاندید ناكه‌یت؟ بۆ ناچیته په‌رله‌مان؟ چیت له‌وانه كه‌متره؟ به قه‌د فڵانی لێ نازانیت؟ ده‌ی بڕۆ كاكه تۆش خۆت كاندید بكه و ئه‌وه فڵان بێ ئیشه و فیسار بێ پاره‌یه له‌گه‌ڵ خۆت دای بنێ! خۆ من ده‌زانم له حه‌فتا و چه‌ند ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان باشتری لێ ده‌زانم، به‌ڵام به قه‌ولی تاهیر به‌گی جاف:
من ڕه‌زا نابم به نانی گه‌ندومی ئاده‌م فه‌ریب
تۆ ئومێدی كوره‌خانه‌ی نانه‌واخانه‌م ده‌كه‌ی؟!