لەبارەی "قسەی قۆڕ"ـەوە

Kurd24

زۆر جار واڕێک ئەکەوێ کەسێک یان کەسایەتیەک بەهۆی مەرگیەوە ئەناسیت و بە کار و بەرهەم و بیر و بۆچوونەکانی ئاشنا ئەبیت، لەم چەند ڕۆژەدا ڕێک وابوو.

ماوەیەکی زۆرە ڕۆژانە لە ئینتەرنێتەوە چەندین ڕۆژنامە و سایتی کوردی، عەرەبی و فارسی بەسەر ئەکەمەوەو بێجگە لەو هەواڵانەی بۆ من جێی سەرنجن، ووتاری بیروڕاو بەدواداچوون و ڕانانی هێندێک کتێبی تازە چاپکراویش ئەخوێنمەوە، لەو بەدواداچوونە ڕۆژانەیەمدا هەفتەی ڕابردوو لە ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط)دا بۆ یەکەمجار بەهۆی ووتارێکی نووسەری بواری فیکر و فەلسەفە (نەدا حوتەیت)ەوە بەناو و تیۆری سەرەکی فەیلەسوفی ئەمریکایی (هاری فرانکفۆرت) ئاشنابووم، کە ووتارەکە بەبۆنەی کۆچی دوایی فەیلەسوفەکەوە نووسرابوو.

ئەو فەیلەسوفە ئەمریکاییە کە بەڕەچەڵەک جووە و ماوەیەکی کورت لەمەوبەر کۆچی دوایی کردووە، لە (٢٠٠٥)دا ووتارە کورتە شەست لاپەڕەییەکەی کە  لەبارەی چەمکی (قسەی قۆڕ) نووسیبووی و بە ناونیشانی ( لەبارەی قسەی قۆڕەوە، On Bullshit) وەک کتێبێکی پڕفرۆش چاپکرا بوو، لە ساڵی (٢٠٠٦)یشدا دوابەرهەمی خۆی بەناوی (لەبارەی ڕاستیەوە، On Truth) بڵاوکردەوە.

بەپێی ناساندن و شرۆڤەکردنی (نەدا حوتەیت) بێ چەمکی قسەی قۆڕ بریتییە لە: ئەو دەربڕینانەی کە هەندێ کەس وەک پڕوپاگندەیەکی ساختە ئەیڵێنەوە، وەک ئەگەری ئەوەی شتێکی پۆزەتیڤ وباش ڕووبدا، کە واش نییە. شرۆڤەکارەکە ئەڵێ: تیمەی ووتاری (لەبارەی قسەی قۆڕەوە) پێویستی بە هەڵاوێردکردنە لەنێوان (قسەی قۆڕ) و (درۆ)دا.

لەو هەڵاوێردکردنەدا فەیلەسوفەکە ئەڵێ کە: قسەی قۆڕ بەهیچ شێوەیەک گرنگی بە ڕاستی (Truth) نادا، بەڵکو  لەقسەی قۆڕدا ئەوەی مەبەستە، تەنها بەجێهێشتنی سەرنجێکی دیاریکراوە لەزەینی وەرگردا و هیچی ترنا، ئەمەش بێ ئەوەی هیچ گرنگیەکی دروست بە ڕاستییە بنەڕەتیەکان بدات، بەو پێیە قسەی قۆڕ (زادەی هەڵەیەک نییە، هێندەی ساختەکارییەکی بە ئەنقەستە).

نووسەری ڕانانی بیروڕا فەلسەفیەکانی (هاری فرانکفۆرت)، لە بەشێکی تری ووتاری ناساندنەکەیدا ئاماژە بەکاریگەری فەیلەسوفی نەمساوی (لۆدفیگ فیتگنشتاین) ئەكا لەسەربیرکردنەوەی فرانکفۆرت، بەجۆرێک کە لە کارکردنیدا لەسەر بابەتی (قسەی قۆڕ)  قورسایی خۆی خستە سەر کۆپڵە شیعرێک کە ئەووترا (فیتگنشتاین) کردبوویە دروشمێکی کەسیی خۆی کە لەبارەی شارەزایی و ووردەکاری تەلارسازانی کاتدراڵییە دێرینەکان واتا تەلارسازی کریستیانەکان ووترابوو، کە ئەمیش هەستکردنی هەمیشەیی بوو بەنهێنی ئەوەی کە خوا ((لەهەموو شوێنێکدایە)). دیسان هەرلەسەر زاری ڕانەری فەلسەفەکەی (فڕانکفۆرت) پێی وابووە کە دنیای ئەو بیناسازە مەزنانە بەو وردەکاریەوە پێوانە کراوەو بەهۆی ویژدانیش پارێزگاری لێکراوە، کە لەوێدا بۆ تاهەتایە شوێنی قسەی قۆڕی تیادا نییە.

بەپێی هەمان ووتاری ناساندنەکە لە (الشرق الاوسط)دا، (فرانکفۆرت) لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەنووسیدا ووتوویەتی (کە ئەو وەک مرۆڤێک هەوڵ ئەدا بە میتۆدێکی سادەوە مامەڵە لەگەڵ زەحمەتییە ئاساییەکانی ژیانێکدا بکا کە مەبەستیەتی ژیانێکی مانادار بێ).

نووسەرەکەی (الشرق الاوسط) ئاماژە بەوەئەدا کە (فرانکفۆرت) لەبارەی دیاردەی (قسەی قۆڕ) شیکردنەوەیەکی کورت، بەڵام قووڵی کردووەو ملیۆنان کەسی لەبارەی ئەم جۆرە لە خۆلەخواشەنان* و هەڵخەڵەتاندنە هۆشیارکردۆتەوە کە ئەو دیاردەیە زیاتر لە (درۆ)، دوژمنی (ڕاستی)ە. هەروەها ئەشڵێ لە کۆمەڵگا (دیموکراتییکەکان)دا زۆرن ئەوانەی کە بێ هیچ شارەزاییەک و بێ  هیچ خۆئامادەکردنێکی پێشوەختە، قسە لەسەر هەموو شتێک ئەکەن نەخواسمە لەبارەی سیاسەت و میدیا و ڕیکلام و پەیوەندییەگشتیەکاندا، بەجۆرێک کە پانتایی کارکردن لەسەر ئەوجۆرە پیشانە وەک سازکردنی  بێ وەستانی قسەی قۆڕە، بێ ئەوەی گوێ بەوە بدرێ داخۆ کاروبارەکان لە ڕیالیتەدا چۆن بەڕێوە دەچن.

لەکۆتایی ڕاپۆرتە نووسینەکەمدا، پێم خۆشە خوێنەران دنەبدەم تا شتی زۆرتر لەبارەی ئەوفەیلەسوفە هاوچەرخە و تیۆری و ڕامانەکانی لە (بارەی قسەی قۆڕ) و (لەبارەی ڕاستی)ەوە بخوێننەوەو لە کۆمەڵگای خۆشماندا بەدوای دۆزینەوەو تایبەتمەندی و دەرهاوێشتەکانیدا بگەڕێن، کە بەبۆچوونی من هەر لە چاوپێداخشاندنێکی خێراو سەرپێیشدا لە هەبوون و بەربڵاوبوونی ئەو دیاردەیە ئاگادار ئەبین و  ئەوەشمان بۆ دەرئەکەوێ، کە لەناوخۆشماندا دیاردەیەکی زۆر هەستپێکراو و بینراو و ڕوولەهەڵکشانە، بەتایبەت کە بەهۆی سۆسیال میدیا و گۆڕانی بەها و ئاکارەکانی تاک وکۆمەڵدا تادێت فراوان و فراوانتر ئەبێ و ڕووخسار و دەربڕین و ئیمجەکانیشی لەگۆڕان و نوێبوونەوەو دەرکەوتنی بەردەوامدان.

دوا پێشنیارم (ڕێ بەخۆم نادەم بڵێم ڕاسپاردەم) بۆ ئەو خوێنەرە بەڕێزانەی شارەزاییان لەبارەی تیۆری بیریاری هاوچەرخی کەنەدی (ئالان دۆنۆ)ەوە نییە یان کەمە، کتێبەکەی یان ووتاری لەبارەوە بخوێننەوە. (دۆنۆ) لە کتێبەکەیدا (میدیۆکراسی، mediocracy) كە لە وەرگێڕدراوە عەرەبیەکەیدا بە (نظام التفاهة) وەرگێڕدراوەو لە زمانی کوردیشدا، تا ئێستا بۆ ئەو چەمکە (سیستمی هیچ وپووچی) بەکارهێنراوە، (دۆنۆ) باس لە  هیچ وپووچی ئەکا وەک سیستمێکی مەترسیدار. پێشنیارەکەشم  لەبەر ئەوەیە، چونکە وای بۆئەچم خوێندنەوەی ئەو دووچەمکە فیکری و فەلسەفییە بەرچاوی خوێنەر ڕوونتر ئەکات و باشتر دیمەنەکەی بۆ دەرئەخا.

تێبینی یەکەم:

بۆ ئەم ڕاپۆرتەنووسینەم ووتارێکی ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط)م کردۆتە بنەما کە (ندی حطیط) نووسیوویەتی.

تێبینی دووەم:

سەرەتا ویستم ( قسەی قۆڕ ) بە شێوەی (قسەیقۆڕ) بنووسم چونکە  چەمک و دەستەواژەیە، بەڵام دوواتر پێم باش بوو ئەمە وەک تێبینییەک ئاماژە پێ بدەم و ساغکردنەوەکەی بۆ پسپۆڕانی زمان جێبێڵم.

*خۆلەخواشەنان: خۆ مەڵاس نان، خۆلەبۆسەنان.

0
هاری فرانکفۆرت
هاری فرانکفۆرت