لە ساڵیادی پارتیدا؛ بەهێزی کورد و بەهێزی پارتی، دوانەی سەرکەوتن

Kurd24

لە یادی ٧٧ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان (١٦ی ئابی ١٩٤٦) پیرۆزبایی گەرم لە هەموو تێکۆشەرانی پارتیمان و خەڵكی كوردستان ئەکەم . لەم بۆنەیەدا سڵاو بۆ ڕۆحی تا ئەبەد کوردانە و شۆشگێڕانەی بارزانی نەمر ئەنێرم، وەک چۆن هاوکات پیرۆزبایی لە گیانی پڕلەکوردایەتی باوکی نەمریشم (وهاباغا) ئەکەم، کە لەپاڵ کۆمەڵێک شانازی نەتەوەییدا، شانازی مەزنی ئەوەشی بۆ ماڵبات و کەس و کار و خزم و هاوشارەکانی و بۆ سەرجەم تێکۆشەرانی کوردستان بەجێهێشتووە، کە بە ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر لە شۆڕشی بارزاندا، لە بەرگری پێشمەرگانە لە کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا بەشداربووە و ماوەیەکی زۆریشی لە ژووری چاوەڕوانی لەسێدارەداندا لەزیندان بەسەربردووە، هەروەها دواتر، تا دواهەناسەشی لە شۆڕشی ئەیلولی مەزندا پێشمەرگە بووە.

شانازیەکی تری بەرز و پیرۆزی تریشمان لە ئەمڕۆدا، یادکردنەوەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە باوکی نەمر و پڕ لە شانازی و سەروەریمان بە ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر یەکێک بووە لەو (نۆ) تێکۆشەرە نموونەییانەی کوردایەتی کە بڕیاری دامەزراندنی  پارتیان دا، وەک پێویستیەکی مێژووکرد بۆ کوردایەتی.

لەم یادەدا، پیرۆزبایی لە سەرۆکی هێژامان سەرۆک بارزانی و هەموو ڕێبوارانی کوردایەتی ئەکەم و دڵنیاشم کە هەوڵەکانی داگیرکەرو دوژمن و نەیاران لەبەرامبەر ڕەوتی سەربەخۆخوازانەی سەرۆک بارزانی  شکست دێنن و پارتیش وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ سەرکەوتن ؛ نەک هەر لە بەهێزیدا ئەمێنێتەوە ؛ بەڵکو بەردەوام لەبەهێزبووندا ئەبێ . هەروەها پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك بارزانی ئەكەم كە یادی لەدایكبوونی بەڕێزیان هاوكاتە لەگەل یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەرکی هەمووشمانە، کە بەشێوەیەکی کاراو و بوێرانە و مکوڕانە بە ئاراستەی سەرکەوتندا خەباتە فرە ڕەهەندەکەمان بەداهێنانی نوێ چەشنەوە پەرەپێبدەین . ئەشمەوێ ئەم پەیامەم بە دروشمە دێرینەکەی کوردایەتی (کوردستان یان نەمان) کۆتایی پێ بێنم ؛ چونکە بڕوای زۆرم بەوەهەیە،  کە تا پیلانگێڕی و دوژمنایەتیکردنی کوردایەتی مابێ و تا دوژمن و نەیارانی دوورونزیک بەبەردەوامی بۆ لەناوبردنی بوون و سەروەری نەتەوەییمان لە هیچ سیاسەتێکی قێزەوون و نامرۆڤانەو دوژمنکارانە سڵ نەکەنەوە، ئەوا ئەبێ ئێمەش بێ دوودڵی ئەو دروشمەمان لە بڵندیدا بهێڵینەوە، کە لە جەرگەی خەباتی بەرگری و خەباتی ڕزگاریخوازیماندا لەدایک بووە و نزیک بە شەست ساڵە بۆتە دروشمێکی بەرزی خۆڕاگری و کوردایەتی، وەک چۆن ئەبێ ئەو دروشمە لە ناو دڵ و دەروون و لە ڕەفتاری دلێرانەی نەتەوەییماندا  وەک بڕوا و ئاکارێکی پارتیانەش بمێنێتەوەو ببێتە توێشوو و پشکۆی تێکۆشان، لەڕاستیدا هەر ئەو دروشمەیە کە بۆتە هەوێن و هۆکاری وەدەستهێنانی ئەو شانازییانەی ئێستا هەمانە.

دووبارە پیرۆزەو بەرز و بڵند بێ ئاڵای کوردستان و ئاڵای پارتیمان.

ئازاد جندیانی

١٦ی ئابی ٢٠٢٣

25ی خەرمانان 2723