ئیدی تەمەن بایی چاککردنەوەی دڵێکی رەنجاوی بە بەرەوە نەماوە!

Kurd24

چەند رۆژێکە بیرئەکەمەوە، کە بۆنەی نوێ بوونەوەی ساڵی زایینی بکەمە بیانوێک بۆ دەربڕینی بیرۆکە و بۆچوونێکی کەسیی خۆم، کە جیاوازە. هەرچەندە لە کۆتا رۆژەکانی ساڵی (2023)دا رووداوگەلی سیاسیی و ئاسایشی مەترسیدار و هەڕەشەکەر بۆ سەر کوردستاندا هەبوون، نوێترینیان هێرشە درۆنییەکەی داگیرکەران و چڵکاوخۆرانیان بوو بۆ سەر پێشمەرگە لەنزیک شارۆچکەی پیرمام، کە ئەبێ رسوابکرێن، بەڵام وێڕای ئەوەش هەر رژدبووم کە ئەمڕۆ لە بابەتێکی تر بدوێم و تەنیا نیوسەعاتێک لە گۆشەنیگایەکی ترەوە بڕوانمە هاتن و رۆیشتنی ساڵەکان.

بەپێی ژمارەکان، بەر لە نیومانگ تەمەنم ژمارەیەکی تریش هەڵکشاو چوومەتە ناو تەمەنی شەست و هەشت ساڵییەوە، زۆر لە کەس و دۆستان و خۆشەویستان و هاوسەر و کوڕەکەم و کچەکانم بۆ دڵدانەوەی من ئەڵێن: (جا تەمەن چیە؟ هەر ژمارەیە و هیچی تر نا).

مۆڵەتێک لە ماتماتیکزانان و بایەلۆژیزانان وەرئەگرم و منیش ئەڵێم: خۆ هەر بە راست، وای لێ تێ ئەگەم، کە ئەوەی هەبووەو هەیە و هەر بەردەوامیش ئەبێ، ململانێی نێوان هەڵکشان و داکشانێکی بایەلۆژی ئەو دیاردەیەیە کە بە (تەمەن) ناودێرکراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو راستییە ناشاردرێتەوە کە ئەگەرەکانی توانا و کارابوونی مرۆڤەکانیش لەهەڵکشان و داکشان دائەبێ (ئەم لێکدانەوەیە زیندەوەر و هەموو گیاندارەکانیش ئەگرێتەوە).

مەبەستم نییە ووتارێکی زانستی لەو بارەیەوە بنووسم کە هەرگیز پسپۆڕی من نییە و کەمەخوێندن و خوێندنەوەیەک و ئەزموونی سرووشتی خۆمی لێ دەرچێ هیچی تری لێ نازانم، بەڵام ویستم ئەمەی خوارەوە وەک هۆشیاری دانێکی توند و روون بە کەسە هەرە نزیک و بە هاوڕێکانیشم بدەم و بەر لە چەند رۆژێکیش لە ناوخێزانەکەی خۆمدا باسم کردووە :

لەوتەمەنەی ئێستای مندا، کە رابردووێکی نزیک لە سێ چارەکە سەدەیە، هەزاران کەسم خۆشویستوون و دۆستایەتی هەزارانیشم کردووە، بێگومان ئەوانەی راستەوخۆش لێیان تووڕەبوومە یاخود لێم تووڕەبوون، لێم رەنجابن یان من ئەوانم رەنجاندبێ، یانەکینێ ئەوان منیان رەنجاندبێ، کەم نەبوون چونکە لەدەیان کەس کەمتر نەبوون، بەتایبەت لە ژیانی دوور و درێژ و سەختی کوردایەتی خۆم و ماڵباتەکەمدا، تایبەتتریش لە سۆنگەی قۆناخە سەخت و ئاڵۆز و تووشەکانی ململانێی سیاسی زبر و نەرمی کوردستاندا و هەروەها لە ناو ژینگەی کۆمەڵایەتی پڕ لە وەرچەرخان و بەیەکدا هەڵشاخانی نەوەکانی کوردەواری شار و لادێش.

بەڵام چونکە ئەوسا تەمەن هەمیشە بە بەریوەمابوو، فریا ئەکەوتم لەگەڵ دڵە رەنجاوەکاندا تەبایی و ئاشتبوونەوە وەدیبهێنم، بەڵام ئێستا کە تەمەن پتر هەڵکشاوە و مرۆ وائەبینێ، کە ئیدی دەرفەتی ئەوە کەم بۆتەوەو هەرکەم و کەمتریش ئەبێتەوە کە فریای چاککردنەوەی رۆحە ڕەنجاوەکان بکەوم، ئەمە جگەلەوەی کە ئیتر هێندەی ماومە لەژیاندا خۆم نەزری پرسی سەربەخۆیی کردووە، کە ئەو پرسەش وائەخوازێ هیچ دڵێک و هیچ رۆحێکی کوردەواریم لێ نەڕەنجێ، کە بەو ئاراستەیەدا نەرم یان خێرا هاوڕێگەمن و هاوڕێگەیانم. بۆیە تکام لە هەمووانە، نەخاسمە لە کەسە نزیکەکانم کە تەواو هاوکارم بن، چونکە ژیانی داهاتووم زۆر یان کەم و هەرچەندێک بێت بایی ئەوە ناکا دڵێکی رەنجاو چاک بکاتەوە، چونکە وەک لەسەرەوە ووتم من وەکو هەزارانی تر، هەموو وەختێکم نەزری کۆکردنەوەی هەمووانە لەکاروانی سەربەخۆییدا .