وه‌رن با ببین به شتێكی تر
عه‌ره‌به‌كان هه‌ندێكیان وه‌كو سوننه داوای مافه‌كانیان ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان وه‌كو شیعه مافی ئه‌وانی تر پێشێل ده‌كه‌ن. كریستیانه‌كان وه‌كو ئایینێك داوای ماف ده‌كه‌ن، توركمانه‌كان وه‌كو نه‌ته‌وه داوای پۆست و پاره و پێگه ده‌كه‌ن. ئه‌دی كورد وه‌كو چی داوای مافه‌كانی له به‌غدای خوێن و سته‌م بكات؟
ئه‌گه‌ر وه‌ك نه‌ته‌وه، وه‌ك موسڵمان ئه‌وجا وه‌ك سوننه له‌وێ نیت، ئه‌دی شوناسی تۆ چی بێت؟ ده‌بێت حه‌شدی شه‌عبی بیت ئه‌وجا مووچه‌ت ده‌ده‌نێ؟ هه‌ر ده‌بێت له خه‌تی حه‌وزه و قه‌رارگا بیت جا فڕۆكه‌خانه‌ت لێ داناخه‌ن؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر كورد نه‌بیت، شۆڕشت بۆ كرد؟ خۆ سه‌دامیش مووچه‌ی ده‌دایتێ!
تا ساڵی 2003یشتا رێژه‌ی نه‌وه‌د له سه‌ددی خه‌ڵكی كوردستان په‌یڕه‌وییان له ناسیۆنالیزم ده‌كرد. یانی تاك به تاك ناسیۆنالیست بوون. هه‌ردوو حزبی گه‌وره‌ی هه‌رێم (پارتی و یه‌كێتی)یش به ته‌واوه‌تی له سه‌ر خه‌تی قه‌ومی ده‌جووڵانه‌وه، بۆیه هیچیان ئه‌وی تریانی پێ لاواز نه‌ده‌كرا. ده‌ڵێیت كوردستان؟ ئێ منیش وا ده‌ڵێم! ده‌ڵێیت ئاڵا؟ ئێ منیش وا ده‌ڵێم! ئه‌ی ڕه‌قیب؟ ئێ من جوانتر ده‌یڵێمه‌وه. به‌ڵام ورده ورده كۆمه‌ڵێك كه‌س په‌یدا بوون، كه‌وتنه دژایه‌تیكردنی بیریی ناسیۆنالیزم و تووڕه‌كردنی خه‌ڵك. سه‌ره‌تا یه‌كێتی و پارتی هه‌ردوو دژیان ده‌وه‌ستانه‌وه. دواتر كه ته‌وژمی پۆپۆلیزم گه‌شه‌ی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینی، به‌شێكی زۆر له یه‌كێتیش ڕه‌دوویان كه‌وتن و ته‌نیا پارتی له مه‌یدانه‌كه‌دا مایه‌وه!
ئێوه ئه‌گه‌ر بیرتان بێت تا ساڵی 2010یش جوانترین و خۆشترین و حه‌ماسیترین سروود و گۆرانییه نیشتمانییه‌كان له لایه‌ن ته‌له‌فزیۆنی كوردساته‌وه دروست ده‌كران، كه‌چی له دوای لادانه‌كه‌ی باڵێكی شه‌ڕه‌نگێزی ئه‌و حزبه، هه‌مان كه‌ناڵ بانگه‌شه‌ی داگیركردنی هه‌ولێری بۆ حه‌شدی شه‌عبی ده‌كرد.
سێ ده‌یه پێشتر، له‌م خاكه‌دا هه‌ر حزبێك دروست ده‌كرا، ده‌بوو چه‌كداره‌كه‌ی ناوبنێت پێشمه‌رگه! یونیفۆڕمه سه‌ربازییه‌كه‌ی بكاته شه‌ڕواڵ و چۆغه! خۆراكه‌كه‌ی نانه‌ڕه‌قه و دۆی لادێنشینه‌كان بێت! ئامانجه‌كه‌ی رزگاركردنی كورد بێت، ده‌نا خه‌ڵك نه‌ده‌كه‌وتنه شوێنی. كه‌چی ئه‌وڕۆ به‌شێك له خه‌ڵكیان وا لێكردووه كوردستان بخه‌یته‌وه سه‌ر به‌غداد ئه‌وجا چه‌پڵه‌ت بۆ ده‌كوتێ و ده‌كه‌وێته شوێنت. ئه‌مه هیچ بیانوویه‌كی نییه، لادانی نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت. هه‌زار كۆمه‌ڵناسی گه‌وره‌ت پێویسته تا ئه‌م لادانه‌ت بۆ ڕاست بكاته‌وه.
هه‌موو ئه‌و حیزبانه‌ی دوو سێ ده‌یه پێش ئێستا جاڕی ڕزگاركردنی كوردستانیان ده‌دا، له پڕ هه‌موویان پشتیان كرده قه‌وله‌كه‌ی پێشوویان و به ته‌نیا پارتی مایه‌وه، بۆیه بوو به تاكه شۆڕه‌سواری مه‌یدانی كوردایه‌تی، جا جۆری كوردایه‌تییه‌كه‌ی باشه یان خراپ، ئه‌وه شتێكی دییه! كورد بوون پێش ئه‌وه‌ی ره‌وت و رێباز و رێكخراوی سیاسی بێت، فه‌زیله‌تێكی به‌شه‌رییه، من و تۆ كوردین و كوردبوونمان هێڵی جیاكه‌ره‌وه‌یه له به‌رامبه‌ر ئه‌وی دی‌دا، بۆیه كه له نێو په‌یڕه‌و و به‌رنامه‌ی سیاسییمان سڕیمانه‌وه، ئیدی حزب ده‌بێته كۆمپانیا، ده‌بێته به‌ڵا و ئافات، ده‌بێته مقاشی ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی!
یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، به تێكڕای مێژووه‌كه‌ی، ته‌نیا ئه‌و كاتانه به‌هێز بووه كه چه‌كی ناسیۆنالیزمی كوردیی به ده‌سته‌وه بووه. ئه‌م حزبه بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت كه باشتر و زووتر له‌وانی تر كوردستان رزگار ده‌كات، زۆرترین شیعر و دروشمی حه‌ماسیی به‌سه‌ر كوردستاندا وتووه، زۆرترین كه‌سی به شه‌هیدكردن داوه! به‌ڵام له پڕ، نه‌وه‌یه‌كی هێنایه پێشه‌وه و كردنی به سه‌ردار و سه‌رده‌سته، كه هیچ له نه‌ته‌وه و نیشتمان تێناگه‌ن، شار وه‌ك كۆمپانیایه‌كی بازرگانی گه‌وره ده‌بینن! ده‌ی یه‌كێتی كه ناسیۆنالیزمه‌كه‌ی لێ داماڵیت، چی ده‌مێنێته‌وه جاڕی بۆ بدات؟ ئێ ئه‌و بۆیه دروست بوو تا كوردستان له به‌غداد بسێنێته‌وه، كه‌چی ئێستا وا خه‌ریكه ده‌یداته‌وه به به‌غداد! هات خاك له به‌عس بسێنێته‌وه، كه‌چی وا خه‌ریكه ده‌یداته‌وه به عه‌سائیب و كه‌تائیب و...