رەفسەنجانی: لێكۆڵینەوە لە دانانى جێگرهوهى خامهنهئى دهكرێت
K24 – تاران:
سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران، عهلى ئەكبەر ھاشمی رەفسەنجانی، رایگەیاند، ئهنجومهنى شارهزايان لە حاڵی ئامادەكاری و لێكۆڵينەوەدايه بۆ كاتێك كە رێبەری كۆمارى ئيسلامى بگۆڕدرێت، بمێنێت یان نەمێنێتهوه.
رەفسەنجانی گوتى: "گروپێك دیاری كراون بۆ لێكوڵينەوە لەسەر ئەو كەسانهی، كە پێوەرەكانی رێبەریيان تێدایە بۆ ئەوەی لە ئەگەری ھەر رووداوێكدا، بۆ دەنگدان لەسەریان پێشنیاز بكرێن".
رەفسەنجانی گوتيشى: "ئەو بەرپرسیارەتیەش لە ئەستۆی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایانە و ئەوەش بۆ ھەركاتێك بڕیار بێت رێبەر بگۆڕدرێت، ياخود ئهو پۆسته بمێنێتهوه یان نەمێنیتهوه".
ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران ھاوكاتە لەگەڵ ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ئەو وڵاتە، كه بڕياره له مانگى شوبات/ فێبرايهرى 2016 بهڕێوهبچێت.
بە گوێرهى یاسای بنەڕەتی ئێران (دهستوور)، ئەنجومەنی شارەزایان، دەسەڵاتی دیاریكردن، دانان و لادانی رێبەری ھەیە.
ھاشمی رەفسەنجانی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئێران بە چارنووسسازترین ھەڵبژاردن دەزانێت و لهو چوارچێوهيهشدا بە نیازە لە خولى داهاتوودا خۆی ھەڵبژێرێتەوە.
ھاوكات نەوەی رابهرى كۆچكردووى كۆمارى ئيسلامى ئێران روحوڵڵا خومەینی، رایگەیاندووە، لە ھەڵبژاردنى داهاتوودا خۆی كاندید دهكات.
ئەو قسانەی ھاشمی رەفسەنجانی لە كاتێكدایە كە ماوەیەك بەر لە ئێستا، عهلى خامهنەئی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران بە ھۆی نەخۆشییەوە نەشتەرگەری بۆ كرا.
لهو سهروبهندهشدا، رهوتى پارێزگارانى ئێران، كه خۆيان به "پارێزهرى بنهماكانى كۆمارى ئيسلامى" دهزانن سەبارەت بە دروستبوونی كەمینەیەكی بەھێز لە ئەنجومەنی شارەزایانی ئێراندا، ھۆشداریان دابوو.