ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانی نێچیرڤانی بارزانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای توركیا

میدیاكانی توركیا بە بایەخەوە باس لەو سەردانە دەكەن
kurdistan24.net

K24 - ئیستانبول:

دوای سەردانەكەی  سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان  نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیاو كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، میدیاكانی توركیا بە بایەخەوە باس لەو سەردانە دەكەن و دەڵێن ئەم سەردانە سوودی بۆ ھەردوولا ھەبووە.

یەكێك لە داواكارییەكانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وەرگرتنی قەرز بووە لە توركیا بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانی پێ دابین بكات و وەڵامی ئەردۆگانیش ئەرێنی بووە.

لەگەڵ گەیشتنی بۆ ئيستانبول شاندی حکوومەتی هەرێمی کورستان بەسەرۆکایەتی نێچێرڤان بارزانی بۆ ماوەی دوو سەعات و چل خولەک لە دوو دیداری جیاوازدا لەگەڵ هەریەکە لە  رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار و ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

 بۆ هەولێر مژاری پێدانی قەرز و داخستنی سنووری ئیبراهیم خەلیل و شەڕی داعش، بۆ تورکیاش مانەوەی سەربازانی تورکیا لە عێراق و غازی کوردستان و شەڕی مووسڵ و شەڕ لەباکووری کوردستان، گرنگترین ئەو مژارانە بوون کە هەردوولا بەگەرمی باسیان لێوەکردووە.

سەردانە نیمچە نهێنییەی حکوومەتی هەرێم بۆ تورکیا کە دوور لەچاوی میدیاکان بوو، دوای ئەو دووکۆبوونەوەیە کتوپر کارەکانی کۆتایی پێهات.

بەپێی زانیاری و بڵاوکراوەی میدیاکانی تورکیا، ئەو سەردانە  بۆ هەردوولا دەستکەوتی لێکەتۆتەوە.

بۆ مووچەی فەرمانبەران و کریزە ئابوورییەکانی هەرێم نێچێرڤان بارزانی  داوای هاریکاری تورکیا کردووە و ئەردۆغانیش وڵامی ئەرینی بووە  ئامادەیی وڵاتەکەی نیشانداوە.

سەبارەت بە خواستی تورکیا بۆ مانەوەی سەربازانی لە عێراق، هەڵوێستی پێشووی هەرێمی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرپرسانی تورکیا دووپاتکرایەوە، لەوەی هەولێر لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بەداعش پشتگیری لە هەموو هاوکاریەکی سەربازی وڵاتانی ناوچەکە دەکات.