حكوومەت هۆشدارى دهداته خاوهن دوو موچهكان

K24- ھەولێر
سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان 21 بڕیاری لە پاكێجی پلانی چاكسازیی پەسەندكرد و بڕیاردرا دەبێ لە ماوەی مانگێكدا فەرمانبەرانی دوو مووچە خۆیان یەكلاییبكەنەوە.
سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانیی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان 21 بڕیاری لە پاكێجی پلانی چاكسازیی پەسەندكرد".
سەرچاوەكە گوتیشی: "بەشێک لە بڕیارە گرنگان پەیوەندیدارن بە پێكھێنانی لێژنەیەك بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنی وەزیران و بە بەشداریی نوێنەرانی وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەكان و دارایی و دیوانی چاودێری دارایی بۆ گۆڕینەوەی داھاتی نەوت لە دۆلارەوە بۆ دینار".
سەرچاوەکە ئاماژەشی کرد کە: "یەكێك لە بڕیارەكان ئەوەییە دەبێ لە ماوەی مانگێکدا ئەو فەرمانبەرانەی دوو مووچەیان ھەیە خۆیان یەكلاییبكەنەوە، هاوکات بڕیاری پێكھێنانی لێژنەیەكی تایبەت بە بڕینی كارەبای زێدەڕۆ و تاپۆكردنی سەرجەم خانووەکانی یەكەکانی نیشتەجێبوون درا کە ھێشتا تاپۆ نەكراون".
بۆ دەرباز بوون لەو كێشە و قەیرانانەی رووبەڕووی ھەرێمی كوردستان بوونەتەوە، سەرۆكایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پاكێجێكی چاكسازیی ئامادە كردووە، ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانیی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان 21 بڕیاری لە پاكێجەكە پەسەندكرد.