ریفۆرمخوازان لە تاران ھەر 30 كورسییەكەیان بەدەستھێنا

"خووڵی دەیەمی ئەنجوومەن پاڵپشتی سیاسەتەكانی روحانیی دەبێت"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/12d26188-a344-4320-a16e-cca194ed7d82/helbjardn%20u%20ewziri%20nawxo.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرژەوەندیی هاوپەیمانیی ریفۆرمخوازان و پشتیوانانی حکوومەت بوو، بۆیە چاوەڕواندەكرێت، خوولی داهاتووی ئەو ئەنجوومەنە پاڵپشتیی سیاسەتەکانی كابینەی روحانیی بكات.

لە تاران لیستی ریفۆرمخوازان و لایەنگرانی حکوومەت توانیان هەر 30 کورسییەکی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و 15 کورسی لە شازدە کورسییەکەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن و دوو کەسایەتیی دیاری سەر بە باڵی پارێزگارەكان كە یەكێكیان ھەر ئیستا سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییە، بخەنە دەرەوەی بازنەی ئەو ئەنجوومەنە.

ئازادە یوسفیی كە ھاووڵاتییەكی خەڵكی تارانە لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردن بەم شێوەیە دەدوێ: "متمانەمان بە لایەنی راست کرد، بەڵام دەرئەنجامێکی باشمان دەستنەكەوت. نامەوێت ئەو رووداوە ناخۆشانە بیر بێنمەوە لە وڵاتەکەماندا روویاندا، بەڵام بۆ نەھێشتنی گەندەڵیی پێموایە دەبێ گرووپێکی دیکە بێن و بارودۆخەكە بگۆڕن".

رۆژنامەنووسێکی ئێرانیش لەسەر ئەو بڕوایەیە، خوولی دەیەمی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران وەک خوولی پێنجەم دەبێت، چونكە ریفۆرمخوازەکان بە "ئامانجی سەرەکیی" خۆیان گەیشتوون.

شرۆڤەکاری سیاسیی، عەباس عەبدیی، سەبارەت بە خوولی دەیەمی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: "ئەنجوومەنێكی وەكوو خوولی پێنجەم دروست دەبێت، واتا ئەنجوومەنێكی ئارام و میانەڕەو پێكدێت کە ھەر دوو باڵ بتوانن بە جوانی رۆڵی خۆیان بگێڕن".

ھەرچەندە زۆربەی كاندیدەكانی ریفۆرمخواز لە لایەن شورای نیگەھبانەوە رەتكرانەوە و رێگەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنیان پێنەدرا و بە گوتەی چاودێرانی سیاسیی ئەو باڵە بۆ قەرەبووكردنەوە ناچار بوون کەسانی نەناسراو و تەنانەت ژمارەیەك لە كاندیدی پارێزگاری میانەڕەوی لە لیستەكەی خۆیاندا جێی بكەنەوە، بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن زۆرینەی خەڵکی ئێران دەنگی خۆیان بە لیستەی ریفۆرمخوازان و كاندیدە سەربەخۆکان داوە، هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت، ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی داهاتووی ئێران، ئەنجوومەنێكی ئارام و هاودەنگی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی حکوومەت بێت.

ئا: كامیل بۆكانی