كچانی سۆفیا: ئامانجان بە كلتوركردنی خوێندنەوەی كتێبە

بە پاسكیل كتێب دەگەیەنن بە ھەموو ماڵێك
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/f2cad413-d12a-41d9-aee6-1ff530c8e6bb/kteb%20paiskil%20slemani.ism/manifest

K24 - سلێمانی:

کۆمەڵێك خانم بە پاسکیل کتێب لە گەرەك و شەقامەکان بە نێو هاووڵاتیاندا بڵاودەکەنەوە، بە گوتەی رێكخەرانی پڕۆژەكە ئەم کارەیان بۆ گرنگیدان بە کلتورى خوێندنەوە و ئاشنانەکردنى کتێبە، ئامانجیان بەرزکردنەوەى ئاستى رۆشنبیرى خۆیان و خانمانى دەوروبەریانە.

سوفیا، ناوى ئەو گروپەیە کە لە نجە و کچانی هاورێی كاردەكەن بۆ بە کلتورکردنى خوێنەوە، سەرەتاى  کارکردنیشیان بە خوێندنەوەى کتێبەکان و گفتوگۆی ئەدەبی دەست پێكردوە، ئێستا ئەوان بەوە ناوەستن تەنھا لە ھۆڵەكاندا كتێب بخوێنەوە و گفتوگۆ بكەن، بەڵكو كچانی سۆفیا بە پاسكیل كتێب بە بەردەم ماڵاندا دەگێرن.

لەنجە خاوێ، سەرپەرشتیارى گروپى سۆفیا بە (كوردستان24)ی گوت: "سۆفیا لە خەمی بە كلتوركردنی خوێندنەوەدایە، دەمانەوێت كتێب بچێتە ھەموو ماڵێك بە تایبەتی ئەو گەنجانەی تازە پێدەگەن و زیاتر كچان، چونكە ئەگەر كچەكانمان بخوێنەوە لە داھاتوودا، كە ژیانی ھاوسەرگیر پێكدێنن كاریگەریان لەسەر منداڵەكان و ھاوسەرەكانیان دەبێ، ئەمەش وا دەكات كۆمەڵگەیەكی ھۆشیارمان ھەبێت".

یەكێكی دیكە لە كچانی سۆفیا بەناوی ئارەزوو، گوتی: "شانازی بە كارەكەمەوە دەكەم، گوێ نادەم بەوە كەش و ھەوا ساردبێت یان گەرم، بەڵكو بەردەوام ھەوڵدەدەم كتێبەكان بە خاتوونەكان و پیاوەكان ئاشنا بكەم، ھەوڵدەدەین ئەوە بكەین منداڵان لە جیاتی ئەوەی ئایپاد كتێبیان بە دەستەوە بێت".

ژمارەیەك لە ھاووڵاتیان كاری ئەو كچانە بە كارێكی سەردەمیانە و شكاندنی بەربەستەكانی كۆمەڵگە دەزانن و پێیانوایە جگە لەوەی ئەو پڕۆژەیەكی رۆشبیری و ئەدەبییە لە ھەمانكاتدا ئاسانكارییە بۆ ئەوەی ھەموو كەس دەستی بە كتێب بگات و ئاشنایان بێت.