ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی کورد دووپاتدەکاتەوە

"بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستانی بەهێز"
جەنەڕاڵ جۆن شالیكاشڤیلی فەرماندەی ھێزە ھاوبەشەكانی ھاوپەیمانان لەگەڵ ژمارەیەك ھاووڵاتی كورد لە ناوچەیەكی ھەرێمی كوردستان - 6/6/1991 - ئەرشیفی سوپای ئەمەریكا
جەنەڕاڵ جۆن شالیكاشڤیلی فەرماندەی ھێزە ھاوبەشەكانی ھاوپەیمانان لەگەڵ ژمارەیەك ھاووڵاتی كورد لە ناوچەیەكی ھەرێمی كوردستان - 6/6/1991 - ئەرشیفی سوپای ئەمەریكا

K24 – ھەولێر

لە یادی 30 ساڵەی بڕیاری 688 بۆ پاراستنی خەڵكی ھەرێمی كوردستان، ئەمەریكا پابەندبوونی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی کورد دووپاتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا.

كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە ھەرێمی كوردستان بەو بۆنەیەوە لە پەیامێكدا رایگەیاند: "لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی 1991 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یارمەتیدەربوو لە دامەزراندنی نەوای ئارام ئەویش لە رێی سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لە سەرو هێڵی 36 لە عێراق بۆ دڵنیاییدان لە سەلامەتی گەلی کورد".

راشیگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندبوونی خۆی بە پاڵپشتیکردنی گەلی کورد دووپاتدەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا".

دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگی دووه‌می كه‌نداو له‌ ساڵی 1991، ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیای گه‌وره‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی ناوچه‌ی ئارامیان له‌ ماوه‌ی هه‌ردوو ساڵی 1991 و 1992 له‌ناو عێراق راگه‌یاند و به‌ ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ باكوور و باشووری عێراق ناسرا، ئه‌مه‌ش له‌پێناو پارێزگاریكردن له‌ كورد و شیعه‌ له‌و سته‌مكارییانه‌ی به‌درێژایی چه‌ندین ساڵ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌رامبه‌ریان ده‌كرا، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ریه‌ك له‌ رووسیا و چین به‌رهه‌ڵستی بڕیاری ژماره‌ 688ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیان ده‌كرد، به‌ڵام دوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ كه‌ بڕگه‌یه‌كی بۆ زیادكرا و تێیدا هاتبوو، "نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست له‌كاروباری ناوخۆی عێراق وه‌ربدرێت"، ئه‌و دوو وڵاته‌ش نه‌رمییان بۆ بڕیاره‌كه‌ نیشاندا و ده‌نگیان پێدا.

له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئه‌پریل/ نیسانی ساڵی 1991 فه‌ره‌نسا پڕۆژه‌ بڕیارێكی پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرد و تێیدا داوای لێ كرد، كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی عێراق له‌ دژی گه‌لی كورد ئیدانه‌ بكات، كه‌ به‌ هۆی راپه‌ڕینه‌كه‌یان له‌ سه‌روبه‌ندی جه‌نگی كه‌نداو له‌ باكووری ئه‌و وڵاته‌ (هه‌رێمی كوردستان) گه‌لی كورد راپه‌ڕینی ئه‌نجامدا، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ده‌ركردنی بڕیاری ژماره‌ 688 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه‌ له‌ 5ی هه‌مان مانگ و داوای له‌ عێراق كرد، ده‌ست له‌ كوشتنی كورد هه‌ڵگرێت و رێز له‌ مافه‌كانی مرۆڤ بگرێت. داواشی له‌ رێكخراو و ده‌سته‌كانی فریاگوزاری سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد، به‌هانای پێداویستی په‌نابه‌رانی كورده‌وه‌ بچن، كه‌ به‌هۆی سه‌ركوتكارییه‌كانی رژێمی به‌عس، نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كوردی باشووری كوردستان روویان له‌ وڵاتانی ئێران و توركیا كرد و كه‌مپه‌كانیان له‌و دوو وڵاته‌وه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كران، هه‌روه‌ك داوای له‌ عێراقیش كرد، رێگه‌ به‌ ده‌سته‌ و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بدات و ئازادی ته‌واویان بۆ فه‌راهه‌م بكات، تاوه‌كو بتوانن هاوكارییه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ هه‌ر كه‌سێكی پێویست له‌ هه‌ر شوێنێكی ئه‌و وڵاته‌.