مه‌حموود عوسمان: بۆ گه‌لی كوردستان فه‌ره‌نسا هه‌ڵوێستێكی مه‌ردانه‌ی نواند
K24- هه‌ولێر:
مه‌حموود عوسمان، ساسه‌تمه‌داری كورد، بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، فه‌ره‌نسا رۆڵێكی زۆر گرنگی گێڕا بۆ ده‌ركردنی بڕیاری (688) و هه‌ڵوێستێكی مه‌ردانه‌ی نواند، كه بووه هۆی ده‌ربازبوونی كورد له جینۆساید‌كردن.
مه‌حموود عوسمان گوتی: "یه‌كه‌مجار بوو له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بڕیارێك بۆ كورد بدرێت، كه به ده‌ستپێشخه‌ری فه‌ره‌نسا بوو، پێشتریش سه‌رۆك فه‌رنسوا میته‌ران له كۆنگره‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، كه ئاشتی نێوان عێراق و ئێران نایه‌ته دی، ئه‌گه‌ر كورد نه‌گرێته‌وه".
گوتیشی: "ساڵی (1991) گه‌لی كوردستان له ره‌وشێكی زۆر ناخۆش بوو، فه‌ره‌نسا هه‌ڵوێستێكی مه‌ردانه‌ی نواند و پێنیازێكی برده ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و بڕیاری (688) ده‌ركرا، كه پارێزبه‌ندی بۆ گه‌لی كوردستان به‌ده‌ستهێنا، بێگومان خاتوو "میته‌ران"یش رۆڵێكی ئه‌رێنی هه‌بوو بۆ ده‌ربازبوونن له‌م ره‌وشه".
مه‌حموود عوسمان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "ئه‌و بڕیاره، كه له‌لایه‌ن فه‌ره‌نساوه پێشنیازكرابوو بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، ره‌هه‌ندێكی سیاسیشی هه‌بوو، باسی كورد و مافه‌كانی كرابوو، بڕیار وابوو له‌ژێر به‌ندی حه‌وته‌م بێت، به‌ڵام به هه‌وڵی ئه‌مه‌ریكا و رووسیا و چین، وایان كرد بڕیاره‌كه ببێته بڕیارێكی مرۆیی".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئه‌و كات ئێمه هیواداربووین سوودی سیاسیشی لێببینین، به‌ڵام گفتوگۆ له‌نێوان به‌ره‌ی كوردستانی و رژێمی عێراق ده‌ستیپێكرد، نه‌مانتوانی ئه‌و سووده‌ی لێببینین، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش وه‌كو دۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كردووین، به‌ڵكو وه‌كو به‌شێك له عێراق مامه‌ڵه‌یان كردووه، تا ئێستاش ئه‌و بووچوونه هه‌ر ماوه".
مه‌حموود عوسمان ئاشكرای كرد، "فه‌ره‌نسا مامه‌ڵه‌ی له‌وڵاته‌كانی دیكه باشتره بووه بۆ كورد، ئێستاش فه‌ره‌نسا رۆڵێكی باشی بۆ پشتیوانیكردنی كورد هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌و فه‌ره‌نسایه‌ی فرانسۆ میته‌ران باشتر بوو، ئه‌مه سوودی بۆ كورد زۆر بووه، به‌ڵام پێویسته كورد لۆبی له‌گه‌ڵ رووسیا و ئه‌مه‌ریكا پته‌وتر بكات، چونكه ئه‌و دوو زلهێزه بڕیار له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی جیهان ده‌ده‌ن".
د.ی