سەرەڕای مەترسی کۆرۆنا بازاری نەوت سەقامگیرە

ئۆپێک پاڵپشتی زیادکردنی بەرهەمهێنان دەکات
نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هەولێر

بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا بە تایبەت لە هیندستان و زیادبوونی ئاستی نەوتی کۆگاکراو لە هیندستا، نەبوونەوە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی پاڵپشتی وڵاتانی ئۆپێک+ بۆ بازاڕی نەوت و ئاماژەکانی زیادبوونی خواست.

رۆژی دووشەممە 27/4/2021 وەزیرانی چاودێر لە رێکخراوی ئۆپێک پڵەس کۆبوونەوە و رایانگەیاند بەپێی پلانی دارێژراو پاڵپشتی زیادکردنی بەرهەمهێنان دەکەن، بە قەبارەی دوو ملیۆن بەرمیل. بەمەش تێکڕای کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی داهاتوودا لە 9.7 ملیۆنەوە دەبێتە 6.55 ملیۆن بەرمیل.

سەڕەرای ئەمەش بەپێی دوایین داتاکانی پەیمانگای نەوتی ئەمەریکی کۆی نەوتی کۆگاکراو لە کۆگاکانی ئەمەریکا بە قەبارەی 4.3 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە هاوکات بەنزینی کۆگاکراو بە قەبارەی 1.2 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە.

لەلایەکی دیکە ئاسایی بوونەوەی ژیان لە بەشێك لە وڵاتانی گەورە پیشەسازی وەک ئەمەریکا و چین، پاڵپشتییەکی بەهێزی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکات لە داهاتوو، هاوکات ئاماژەکانی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت لەلایەن وڵاتانی ئەوروپییەوە هۆکارێکی دیکەی جێگریبوونی نرخی نەوتن لەسەروو ئاستەکانی 60 دۆلارەوە.

لەگەڵ کرانەوەی بازاڕە داراییەکانی ئاسیا لە کاتژمێر 9:15 خولەک بە کاتی هەولێر بەهای یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە ئاستی 66 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هاوکات یەک بەرمیل نەوتی خاوی تێکساسیش لە ئاستی 63 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

محەمەد هادی