سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق دەكات

باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق: ئەو پێكەوەژیانەی لە كوردستان هەیە لە لایەن قەداسەتی پاپا و ڤاتیكان مایەی ئومێد و جێگەی پێزانینێكی زۆرە
سەرۆک مەسعود بارزانی و میتیا لێسكۆڤار، باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق
سەرۆک مەسعود بارزانی و میتیا لێسكۆڤار، باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق

K24 - هەولێر:

رۆژی چوارشەممە (28 نیسان/ ئەپرێلی 2021) لە سەڵاحەددین سەرۆك "مەسعود بارزانی" پێشوازی لە "میتیا لێسكۆڤار"، باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق سوپاسی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ فراوانكردنی پێكەوەژیان و كراوەیی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و هەروەها یارمەتیدانی كریستیان و پێكهاتەكان لە كاتی تەنگانە و هێرشی تیرۆریستان، وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی سەردانەكەی پاپا فەرەنسیس بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان راشیگەیاند، كە ئەو پێكەوەژیانەی لە كوردستان هەیە لە لایەن قەداسەتی پاپا و ڤاتیكان مایەی ئومێد و جێگەی پێزانینێكی زۆرە. ئەوەشی خستەڕوو كە فەرهەنگی یەكترقبووڵكردنی كوردستان وا دەكات كە كریستیانەكان و پێكهاتەكانی دیکە متمانەیان بە ئاییندەی خۆیان هەبێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی، سەردانی پاپا فەرەنسیسی بۆ هەرێمی كوردستان بە مێژوویی وەسف كرد و رایگەیاند خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانەوە بە سەردانەكەی پاپا خۆشحاڵ بوون.

سەرۆك
سەرۆك "مەسعود بارزانی" پێشوازی لە "میتیا لێسكۆڤار"، باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد

پەیوەست بە كولتووری پێكەوەژیانی خەڵكی كوردستان، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو كولتوورە ریشەی لە مێژووی دێرینی گەلەكەماندا هەیە و تایییفەگەری و دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی نەیتوانیوە لە كوردستان هیچ جێگەیەك بكاتەوە.

سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە، كە ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برای یەكترین و هەڵسەنگاندنی هەر كەسێكیش دەبێت لەسەر بنەمای رەفتارەكەی بێت نەك بیروڕای.