ناسر هەرکی: بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنی عێراقی لەگەڵ پێشمەرگە بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان دروستبووە

"لایەنی عێراقی ئامادەنەبوو بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە رێککەوتن بکەن".
ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق
ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق هۆکاری پەلامارەکانی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی و جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکان دەگەڕێنێتەوە، کە لە هەولێر و بەغدا لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان واژۆ کراون.

ناسر هەرکی، بە کوردستان24ی گوت: "بەداخەوە دەسەڵاتی جێبەجێکاری عێراقی گوێ لە پەرلەمان ناگرێت، چەندین جار بە راپۆڕت لایەنی پەیوەندیدارمان لەو بۆشاییە ئەمنییە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بەداخەوە پێشنیازەکانمان لەبەرچاو نەگیراون".

گوتیشی: "راستە داعش لەناو نەچووە، بەڵام پێشتر لاواز ببوو، بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە خۆیان چالاک کردەوە و پەرەی بە گرووپەکان دا، ئەوەی روودەدات کەمتەرخەمی دەسەڵاتی تەنفیزی عێراقە، بەتایبەتی ئەو لیژنەیەی وەزارەتی بەرگری عێراق کە چەندین جار لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە، بۆ نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە هۆشداریان پێدرابوو، بەڵام ئامادەنەبوون بە هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە".

راشیگەیاند: "خوێنی ئەو کەسانەی رۆژانە شەهید دەبن، دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لیژنەیەی وەزارەتی بەرگری عێراق کە ئامادەنەبوو لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە رێککەوتن لەسەر ئەو ناوچانە بکەن و بە هاوبەشی و هەماهەنگی بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە و داعش لە ناوچەکە دوور بخەنەوە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە: "وەک لیژنەی ئاسایش و بەرگری جارێکی دیکە داوا دەکەین رێککەوتن لەنێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق بکرێت، تا ئەمە نەکرێت ناتوانرێت رێگری لەم کردەوانەی چەکدارانی داعش بگیرێت".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1/5/2021، چەکدارانی داعش لە بەرزاییەکانی دووبز هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، دوای رووبەڕووبوونەوە هێزی پێشمەرگە هێرشی داعشیان تێکشکاند.