سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ باره‌ی په‌لاماره‌كه‌ی داعش بڵاوكرده‌وه‌

بەردەوامبوونی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە عێراق بۆ ڕووبەڕبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بە گرنگ و پێویست دەزانین
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی له‌ باره‌ی په‌لاماره‌كه‌ی نیوه‌شه‌وی رابردووی تیرۆریستانی داعش بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و هێشتاش هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە سوود لەو بۆشاییە ئەمنیە وەردەگرێت کە لەو سنوورانەدا هەیە.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "بەردەوامبوونی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بە گرنگ و پێویست دەزانین".

نیوه‌شه‌وی رابردوو، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش، له‌ سنووری به‌رزاییه‌كانی دوبز، بۆشایی ئه‌منی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه‌یان قۆسته‌وه‌ و له‌ دوولاوه‌ په‌لاماری سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌یاندا و له‌ ئاكامدا 3 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و 2 پێشمه‌رگه‌ش برینداربوون. 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت:

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

بە داخێکی زۆرەوە شەوی ڕابردوو، لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە سنووری پردێ ، چەند پێشمەرگەیەك شەهید و برینداربوون . پرسە و سەرەخۆشی خۆم بە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەكان ڕادەگەیەنم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم . هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم .

وەک چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و هێشتاش هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە سوود لەو بۆشاییە ئەمنیە وەردەگرێت کە لەو سنوورانەدا هەیە. بۆیە جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە. هەروەها بەردەوامبوونی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بە گرنگ و پێویست دەزانین بۆ شکستپێهێنانی یەکجارەکی داعش و نەمانی هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/5/1