زیاتر لە 62 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە

ته‌نیا لەماوه‌ی 5 رۆژی رابردوودا
سه‌یرانگای بێخاڵ، ئه‌رشیڤ
سه‌یرانگای بێخاڵ، ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

لە 5 رۆژی رابردوو زیاتر لە 62 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە و گەشتیارانیش دەتوانن لە شوێنە گەشتیارییەکان بمێننەوە.

ئیسماعیل مینەخان، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، دوای کردنەوەی بازگەکان بە رووی گەشتیاران لە 17ی ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ شه‌ممه‌ (22ی ئایار/ مایۆی 2021)، 62 هەزار و 407 گەشتیار هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەولێر.

ئاشکراشیکرد، ئەو ئامارە لە بازگەکانی مەخمور، خازر و شێراوەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر کۆکراوەتەوە و هەموو کۆمپانیاکان و گەشتیارەکانیش بە مەرجی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان هاتوونەتە ژوورەوە.

بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزار لە بارەی مانەوەی گەشتیارانیش روونیكرده‌وه‌، چەند کۆمپانیایەک لە ناوچە گەشتیارییەکانی گۆمی فێڵاو، پرژێ و کانی بەست ویستوویانە خێمەی گەشتیاری بۆ مانەوە بە پارە بدەن بە گەشتیاران، بەڵام ئێمە رێگریمان لەو کۆمپانیایانە کردووە و گەشتیاران خۆیان دەتوانن لەو ناوچە گەشتیاریانە شەوانیش بمێنەوە، بەڵام نابێت هیچ کەس و کۆمپانیایەك پارە لە گەشتیاران وەربگرێت بۆ مانەوەیان.

 

م.ھـ