نرخی نەوت 80 دۆلاری تێپەڕاند
K24 - ههولێر:
نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنتی پێوانەیی بۆ یەکەم جار دوای نزیکەی سێ ساڵ گەیشتەوە ئاستی 80 دۆلار، هۆکاری سەرەکیش پێشبینییەکانە بە بەرزبوونەوەی خواست و مەترسییەکان لە کەمی خستنەڕوو.
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە دەستپێکی مامەڵەکانی بازاڕی ئاسیا بە رێژەی سەدا 0.9 بۆ 80.24 دۆلار بەرزبووەوە، کە بەرزترین ئاستییەتی لە دوای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2018ـەوە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش بە هەمان رێژە بۆ 76.07 دۆلار بەرزبووەوە.
شارەزایان پێشبینی دەکەن، دوای کەمبوونەوەی لێکەوتەکەکانی کۆرۆنا، بە تایبەت دوای دابەشکردنی ڤاکسین، ئاسانکاری لە رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی خواست بۆ نەوت زیاتر بێت.
هەروەها قەیرانی وزە لە نیوەی باکووری گۆی زەوی، وایکردووە نرخی گاز بۆ بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی بەرزبێتەوە، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی خواست بۆ نەوتی زیاد بێت.
سەرەڕای ئەوە وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس بە ئاستەمی دەبینن، ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبکەنەوە، هۆکارەکەشی بۆ بەردەوامی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان دەگەڕێننەوە.
د.ی