نووسینی ئایه‌تێكی قورئان له‌سه‌ر جلی ژنه ئه‌كته‌رێك ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ژنه ئه‌كته‌رێكی ئوردنی له مه‌راسیمێك جلێكی تایبه‌تی پۆشیوه، كه ئایه‌تێكی قورئانی به گه‌وره‌یی له‌سه‌ر نووسراوه، هه‌رچه‌نده ئه‌و ئه‌كته‌ر به‌ر له‌وه‌ی روونكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه بدات، بۆچی ئه‌و ئایه‌ته‌ی له‌سه‌ره جله‌كه‌ی نه‌خشاندووه، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه رووبه‌ڕووی هێرشێكی زۆر بووه و ره‌خنه‌ی لێ‌گیرا، كه سووكایه‌تی به ئایه‌تێكی قورئان كردووه.
فیدرا، ئه‌كته‌رێكی ئوردنییه و له قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر به‌شداری له فێستیڤاڵێكی سینه‌مایی كرد، له‌و مه‌راسیمه به جلێكه‌وه ده‌ركه‌وت، كه "تی‌شێرت"ێكی سپی پۆشیوه و له‌سه‌ر سینگی نووسراوه "أمم أمثالكم"، ئه‌م ده‌سته‌واژه قورئانییه‌ش له ئایه‌تی "وما من دابة في الأرض ولا طائر يطير بجناحيه إلاّ أمم أمثالكم" وه‌رگیراوه.
هه‌رچه‌نده ژماره‌یه‌ك له به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌و هه‌نگاوه‌ی "فیدرا"یان به‌وه لێكدایه‌وه، كه پاڵپشتی گیانداران ده‌كات، به‌ڵام خه‌ڵكێكی زۆریش له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان لێگرت، ده‌ركه‌وتنی ئایه‌تێكی قورئان له‌سه‌ر جل به‌م شێوه‌یه گونجاو نییه.
ئیبراهیم عه‌بدولرازی، شاره‌زای ئایینی له ئه‌زهه‌ر له ماڵپه‌ڕی "هنا" رایگه‌یاند، ئه‌و ره‌فتاره گونجاو نییه، ناكرێت به‌و جله‌وه بچینه چه‌ند شوێنێك، كه ئایه‌تی قورئانی له‌سه‌ر نووسرا بێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، قسه‌ی خوا بۆ جلوبه‌رگ و جوانكاری نییه.
هه‌ر چه‌نده فیدرا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆر بووه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌ر له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشه‌وه پشتیوانی كرا، كه ئه‌و ئه‌كته‌ره مه‌به‌ستی سووكایه‌تیكردن به ئایینی ئیسلام نه‌بووه، به‌ڵكو ویستوویه‌تی سه‌رنجی خه‌ڵك رابكێشێت، له‌باره‌ی ئه‌وانه‌ی پێشلكاری به‌رامبه‌ر به ئاژه‌ڵان ده‌كه‌ن.
فيدرا طبعت على التيشيرت "أمم أمثالكم" عشان تفكر الناس بحقوق الحيوان، وطبعاً المتنطعين هاجوا وماجوا
— المحروسة (@M7rusa) November 28, 2021
ممكن افهم فرقت إيه عن واحدة داخلة المهرجان معلقة آية الكرسي في سلسلة في رقبتها؟ حجم الفونت خضكوا؟ pic.twitter.com/Zm2pkGOnv4
رۆژنامه‌ی "المصري اليوم" بڵاویكرده‌وه، فیدرا به‌رگری له خۆی كردووه گوتی: تێناگه‌م بۆچی هێرش كراوه‌ته سه‌رم، له‌كاتێكدا خه‌ڵك "ئایه‌ته‌لكورسی" به ملی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن، یان ئایه‌تی قورئان له‌سه‌ر خشڵ و زێر ده‌نه‌خشێنن، ته‌نانه‌ت كریستیانه‌كانیش ملوانكه‌ی خاچ ده‌پۆشن.
گوتیشی: نازانم جیاوازی نێوان جلوبه‌رگ و ملوانكه چییه، كه ئایه‌تی قورئانیان له‌سه‌ر نووسرابێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، مرۆڤ بۆیه ئه‌و وشه پیرۆزانه به‌كارده‌هێنێت، تا په‌یامێكی دیاریكراوه بگه‌یه‌نێت.
فیدرا جه‌ختی كرده‌وه، پۆشینی ئه‌و جله‌ی ئایه‌تی قورئانی له‌سه‌ر نووسراوه، په‌یامێك بووه، تا پشتیوانی خۆی بۆ گیانداران ده‌رببڕێت و خه‌ڵكی پێ هۆشیار بكاته‌وه، تا ره‌چاوی ئاژه‌ڵان بكه‌ن، له‌بری ئه‌وه‌ی بیانكوژن.