دانووستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی بەهای تومەنی دابەزاند
K24 - ههولێر:
بەهای تومەنی ئێرانی لە مامەڵەکانی رۆژی شەممە بەشێوەیەکی بەرچاو داکەوت، هۆکارەکەشی رەشبینی و ئاستەنگەکانی دانوستاندنی زیندوکردنەوەی رێککەوتنامەی ئەتۆمی ساڵی 2015ـەیە.
دانوستاندنەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنامەی ئەتۆمی لە نێوان ئەمهریکا و ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە رۆژی هەینییەوە تاوەکو هەفتەی داهاتوو وەستاون.
بەرپرسانی ئەوروپا ئاماژەیان بەوەداوە، داواکارییەکانی کابینەی نوێی ئێران زیادکراوە و واشنتن پێی وایە، تاران جددی نییە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
ئەو هەواڵە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی شڵەژاند و لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ یەکشەمەمدا، بەهای دۆلارێک گەیشتە 30 هەزار و 400 تومەن.
بە گوێرەی راپۆرتێکی "ئیقتیساد نیوز"ی فارسی، لە سەرەتای گفتوگۆکاندا بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو دووچاری شۆک بوو، هەر دۆلارێک نزیکەی 600 تومەن بەرزبووەوە و گەیشتە 29 هەزار و 950 تومەن لە رۆژی هەینی و ئەو داکەوتنە درێژەی کێشا و لە مامەڵەکانی ئەمڕۆی بە گوێرەی پێگەی بۆنباست، بەهای دۆلارێک گەیشتووەتە 30 هەزار و 400 تومەن.